دوای 125 رۆژ دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی یەکلایی نەکراوەتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
دوای تێپەڕینی 125 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تا ئێستا دۆسیەی هۆکاری مەرگی لە لایەن ئێرانەوە یەکلایی نەکراوەتە و پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت پزیشکی داد راستییەکان ئاشکرا ناکات.
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی رایگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕنی ماوەیەکی زۆر بەڵام تا ئێستا دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی یەکلایی نەکراوەتەوە.
نیکبەخت ناڕەزایەتیی خۆی لە چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردوە تا ئێستا راپۆرتی پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیەی کە ژینا ئەمینی تێدابوە رادەستی کەس و کاری ژینا نەکراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی وردتر لە راستیی روداوەکە بکرێت.
پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا وتویەتی: ناکرێت دۆسیەی هەستیاری لەو شێوەیە دوای ماوەیەکی زۆر یەکلایی نەکرێتەوە، تەنانەت لە شەش شاهێدحاڵ تەنها وتەی سیێ کەسیان وەرگیراوە و سێ کەسی دیکە بە بیانوی ئەوەی نایانەوێت قسە بکەن، لەبەردەم دادگا ئامادە نەبون.
داواکاری گشتیی ئێران رایگەیاندوە؛ پزیشکی داد پێشتر راپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی مەرگی ژینا ئەمینی بڵاو کردوە و کەس و کاریشی ئەو راپۆرتەیان رەت کردەوە و سکاڵایان دژی پزیشکی داد تۆمار کرد .
بە وتەی راگەیەنراوی داواکاری گشتیی ئێران دۆسیەکە لە لایەن لیژنەیەکی 15 پزیشکییەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت بۆ ئاشکرابونی راستییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی.
