کاردانەوەکانی 125 رۆژ ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە
پەرلەمانی ئەوروپا داوای سزادانی رێبەر و سەرۆک کۆماری ئێران دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆش لە چلەی جەماوەریی دو کوژراوی ناڕەزایەتییەکان دورشم دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە وترایە و دەستگیرکردنی گەنجانی کورد بەردەوامبو و پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا داوای سزای سوپای پاسدران و خامنەیی و رەئیسیی کرد.
دەستگیرکردنی گەنجانی کورد لە سنە و جوانڕۆ و ئیلام و پیرانشار و شاری شنۆ بەردەوامەبو و ئەمڕۆ زیاتر لە 15 گەنج و چالاکوان دەستگیر کران و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد تەنها شەوی چوارشەممە لە شاری پیرانشار 10 هاوڵاتیی دەستگیر کراون.
چلەی جەماوەریی کوژراوێکی رۆژهەڵاتی کوردستان
رۆژی پێنجشەممە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی مەرگی شادمان ئەحمەدی لە شاری دێولان بەڕێوەچو کە بەهۆی ئەشکەنجەی هیزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
لە شاری مالێ میر(ئیزە) چلەی دنیا فەرهادی کچە خوێندکاری تەمەن 23 ساڵ بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی پارێزگای خوزستان کوژرا.
هەینی خوێناوییەکانی بەلوچەکان
کەمپینی چالاکوانانی بەلوچ بڵاوی کردەوە لە هەینییە خوێناوییەکانی چوار مانگی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان 109 کەس کوژراون کە دوو کەسیان منداڵ بون.
کەمپینەکە رونی کردوەتەوە تەنها لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی هەینی لە شارەکانی بەلوچستان جگە لە کوژرانی ئەو 109 کەسە، زیاتر لە 352 کەس برینداربون کە 16 کەسیان منداڵ بون و 18 کەسیشیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی سیستان و بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ئەوەی رێگریی لە خۆپیشاندانی جەماوەریی رۆژی هەینی لە شاری زاهیدان بگرن، بازگەیان لە سەر ئەو رێگایانە دانەوە کە دەچێتەوە سەر مزگەوتی (مەککی) لەو شارە.
125 رۆژە دۆسیەی ژینا یەکلایی نەکراوەتەوە
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی رایگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕنی ماوەیەکی زۆر بەڵام تا ئێستا دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی یەکلایی نەکراوەتەوە.
پارێزەری دۆسیەی مەرگی ژینا وتویەتی: ناکرێت دۆسیەی هەستیاری لەو شێوەیە دوای ماوەیەکی زۆر یەکلایی نەکرێتەوە، تەنانەت لە شەش شاهێدحاڵ تەنها وتەی سیێ کەسیان وەرگیراوە و سێ کەسی دیکە بە بیانوی ئەوەی نایانەوێت قسە بکەن، لەبەردەم دادگا ئامادە نەبون.
پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوامە لە هەوڵەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران
ئەمڕۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆی دەنگ رەشنوسی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی و سزاکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەسند کرد.
بە پێی ئەو رەشنوسە عەلی خامنەیی ، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بخرێنە لیستی سزاکانەوە و هاوکات سزاکانی ئەوروپا سەرجەم ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەراندا هەبوە.
لە رەشنوسەکەدا هاتوە جگە لە سوپای پاسداران دەبێت سەرجەم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بنەماڵەکانیان سزا بدرێن.
هاوکات لەو رەشنوسەدا ئاماژە بە سزادانی 227 پەرلەمانتاری ئێران کراوە کە لە بەیاننامەیەکدا داوای لەسێدارەدانی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردبو.
پەرلەمانی ئەوروپا داوای کردوە سەرجەم هاوڵاتییانی بیانی ئازاد بکرێن کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر کراون و زیندانین.
ئێران: دوو تیمی داعش لە سیستان و بەلوچستان دەستگیر کردوە
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ سوپای پاسداران دوو تیمی سەر بە رێکخراوی داعش-ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیر کردوە.
بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە زیاترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە دوای رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو و تا ئێستا زیاتر لە 128 کەس لەو پارێزگایە کە زۆرینەی لە روی ئایینییەوە سوننەن بە بیانوی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.
