ئێران؛ 61٪ی دانیشتوانی وڵاتەکە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە
لە هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران یەک کەس بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە
ناڕەزایەتییەکان لە شاری سنە
3 ساڵ لەمەوپێش
ناوەندێک ئاشکرای کردوە لانیکەم61٪ی دانیشتوانی ئێران بۆ جارێکیش بێت بەشداریی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینایان کردوە و رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤیش بڵاوی کردوەتەوە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان گەیشتوەتە 524 کەس.
لە نوێترین راپرسی سەبارەت بە دۆخی ئێران دەکەوتوە؛ 61٪ی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتەکە جارێک بۆ 10 جار بەشداریی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیان کردوە.
ناوەندی داتا و زانیارییەکان لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لەو راپرسییەی کە لەسەر دۆخەکە ئەنجامی داوە دەرکەوتوە لە هەر 10 کەسی دانیشتوی ئێران لە چوار مانگی رابردودا لانیکەم شەش کەس ئەگەر بۆ جارێکیش بێت بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کردوە.
ئەو ناوەند ئاماژەی بەوە کردوە 71٪ی ئەو کەسانەی کە وەڵامی پرسیارییەکانی راپرسییەکەیان داوەتەوە رایانگەیاندوە؛ لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە 10جار بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە.
خۆپیشاندانەکان کە هەر 31 پارێزگای ئێرانی گرتوەتەوە بە پێی راپرسییەکان لە هەر خێزانێک یەک کەس یان زیاتر بەشداریی ناڕەزایەتییەکانیان کردوە.
زۆرینەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردوە تەمەنیان لە 32 ساڵ کەمتر بوە.
ئەنجامەکانی ئەو راپرسییە ئاماژەن بە ئاستی بەرفراوانی بەشداریی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکان و بە پێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەشی کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە تۆمار کرابو و دواتر لە لایەن گروپێکی هاککەرەوە دزە پێکرا، 65٪ دانیشتوانی ئێران لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان ناڕازین.
بە پێی دوایین ئامار ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران 524 کەس کوژراو و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێن لەو بەشە لە کودستان لانیکەم 130 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژران.
