سەلمان ڕوشدی بۆیەکەم جار دوای هێرشەکەی سەری، قسەی کرد ویەکەم کتێبی خۆشی بڵاودەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەلمان ڕوشدی بۆیەکەم جار دوای ئەوەی لە نیویۆرک بەچەقۆ هێرشەکرایە سەری قسەیکرد وباسی بارودۆخی خۆی کرد، هاوکات بڵاوبوونەوەی کتێبی " شاری سەرکەوتنی" ئاشکرا کرد، کە نوێترین ڕۆمانیەتی.

سەلمان ڕوشدی لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام داو باسی لەوەکرد کە دۆخی باشترە، سەرەڕای ئەوەی بینایی چاوێکی لەدەستداوە وبەزەحمەت دەتوانێت بنوسێت بەهۆی ئەوەی چەند پەنجەیەکی ناتوانێت بجوڵێنێت و بەردەوام ڕاهێنان بەدەستی ئەکات، هەروەها باسی لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی " شاری سەرکەوتن" کرد لەماوەیەکی نزیکدا، ئەمەش یەکەم کتێبی سەلمان ڕوشدیە دوای ئەوەی هێرشکرایە سەری.

لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر لەبارەی دۆخی تەندروستیەوە وتی، بەختم باشە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەسەرم هات دۆخم ئەوەندە خراپ نیە، دەتوانم هەستمە سەرپێ وبگەڕێم، وتیشی نیوەی خوارەوەی لەپی دەستم وپەنجەی گەورەم هەستی تێداماوە ودەتوانم بەکاریبێنم، ڕاهێنانی دەست زۆر ئەکەم و پێم دەڵێن دۆخم زۆرباشە.

هاوکات لەبارەی توانای نوسین وزەحمەتیەکانی بەردەمی بەهۆی برینەکانیەوە، باسی لەوەکرد نوسین وتایپکردن بۆی زەحمەتە بەهۆی ئەوەی لەبەشێکی سەری پەنجەکانیدا هەستی نەماوە وتوانای کارکردنی نەماوە، هەروەها وەک خۆی دەڵێت کاتێک دەڵێم باشم، "مەبەستم ئەوەیە کە پارچەیەک لە جەستەم هەیە کە پێویستیان بە پشکنینی بەردەوام هەیە، هێرشێکی گەورە بوو".

هەروەها سەلمان ڕوشی باسیشی لەوەکرد، کە بەهۆی هێرشەکەوە زەبری دەروونی بەرکەوتووە وپێویستی بەچارەسەرە، وتیشی ئەوە کاریگەری کردۆتە سەر توانای نوسینم، هەندێک کات ئەوەی دەینوسم ڕۆژی دواتر دەیسڕمەوە.

لەبارەی ڕۆمانە نوێیەکەیەوە کە ڕێک پێش هێرشکردنەسەری تەواوببوو بەڵام نەیتوانی بڵاوی بکاتەوە ئاماژەی بەوەدا، کتێبەکە بەناوی " شاری سەرکەوتنە"  و ٢١یەمین کتێبی خۆیەتی، داستانێکی ڕیالیستی ئەفسوناوییە دەربارەی خوداوەندێک کە شارێک لە تۆوەوە دروست دەکات و تا تەمەنی ٢٤٧ ساڵی دەژی، نووسەر سەرنجەکانی لەسەر وڵاتی لەدایکبوونییەتی، باس لەوە دەکات کە چی لە سەدەی ١٤ی باشووری هیندستاندا ڕوودەدات، وەک نواندنێک و بەرجەستەکردنێک سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و نەفرەتی تائیفەگەری  دەبێ بخوێنرێتەوە.

سەلمان ڕوشدی لە ساڵی ڕابردوودا لە ئاهەنگێکدا لە نیویۆرک لەکاتی وتارداندا لەلایەن هێرشبەرێکەوە بەچەقۆ بەسەختی بریندارکرا و بۆماوەی نزیکەی شەش هەفتە لەنەخۆشخانە مایەوە،  ئەوەش بەهۆی ڕۆمانی " ئایەتە شەیتانیەکانەوە" کە لەساڵی ١٩٨٨ بڵاویکردبۆوە وناڕەزایەتیەکی زۆری موسڵمانانی بەدوای خۆیدا هێنا ولەلایەن ئایەتوڵا خومەینیەوە حوکمی کوشتنی درا وبڕەپارەیەکی زۆر وەک خەڵات دیاریکرا بۆ هەرکەسێک کە بیکوژێت.

 سەلمان ڕوشدی، ڕۆماننوس ونوسەری هیندی-بەریتانیە، خاوەنی چەندین خەڵاتە یەکێک لەوانە خەڵاتی بووکەریە کە بۆ ڕۆمانی " منداڵانی نیوەشەو" وەریگرتووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار