پیاوی ئورفە .. كۆنترین مرۆڤە پەیكەری جیهان

یەک ساڵ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

پیاوی ئورفە، كە بە پەیكەری بەلیكڵیگۆلیش ناسراوە، پەیكەرێكی كۆنی شێوەمرۆییە و لە هەڵكۆڵینێك لە ناوچەی بەلیكڵیگۆلی شاری ئورفەی باكوری كوردستان (میزۆپۆتامیای سەروو) لە ساڵی ١٩٩٣ دۆزراوەتەوە و مێژووەكەی بۆ نزیكەی ۱۱ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پەیكەرەكە لە سەردەمی نیۆلیتیكی پێش گلكاریدا تاشراوە.

پیاوی ئورفە بە كۆنترین پەیكەری قەبارە گەورە دادەنرێت كە لە شێوەی جەستەی مرۆڤێكی كامڵ دروستكراوە. ئەم پەیكەرە هاوسەردەمی هەردوو شوێنەوارە دێرۆكەكانی نزیك شاری ئورفە، گرێ ناڤۆكێ (١٢٠٠٠ ) ساڵ و نەوالا چۆری (١٠٤٠٠) ساڵ پێش ئێستایە. پەیكەرەكەی لە كاتی كاری بیناسازیدا دۆزرایەوە، بەڵام شوێنی دۆزینەوەكە بە دیاریكراوی نەزانراوە و بە باشی تۆمار نەكراوە، بەڵام دەگوترێت لە شەقامی یەنی یۆل لە ناوچەی بەلیكڵیگۆلی كە یەكێكە لە كۆنترین ناوچەكانی شاری ئورفە، لە ساڵی ١٩٩٣دا دۆزراوەتەوە

. ئەم ناوچەیە تەنیا نزیكەی ٢٠كم لە شوێنەواری گرێ ناڤۆكێوە دوورە. ئەم پەیكەرە بەرزییەكەی نزیكەی مەترێك و نەوەد سانتیمەتـرە كە لە بەردی خۆڵین دروستكراوە و چاوەكانیشی بە دوو بەردەشەوە نەخشێنراون ( بەردەشەوە پۆلوی ساردبووەوەی بوركانی چیاكانی كوردستانە). ئەم پەیكەرە لە ئێستادا لە مۆزەخانەی ئورفە لە شاری ئورفەی باكوری كوردستان هەڵگیراوە.

پیاوی ئورفە، پەیكەری پیاوێكی ڕووتە كە چاوەكانی كونن و بەردەشەوەیان تێداچەقێنراوە، دەمی نییە و لەسەر سنگی ملوانكەیەكی لە شێوەی ژمارە ٧ هەیە، هەروەها، دەستەكانی لە پێشەوە گرێدراون و خستوونیەتە سەر ناوكی، ئەمەش لە هەڵكۆڵراوەكانی ئەو سەردەمە تایبەتمەندییەكی باو و بڵاو بووە بە تایبەت لە گرێ ناڤۆكێ (ناوە كوردییەكەی ئەم شوێنەوارە "گرێ ناڤۆكێ/گردی ناوك‌" ئاماژە "ناوك/ناڤك"ەكەی تێدایە كە دەكرێت لەم سەردەمەدا ناوچە و گردەكەیان بە ناوك یاخود چەقی زەوی یاخود گەردووندا دانرابێت).

هەندێ لە شوێنەوارناسان دەڵێن كە دەستەكانی خستووەتە سەر ئەندامی زاوزێ و دایپۆشیوە. پەیكەرەكە قاچی بۆ درووستنەكراوە و لەبری ئەوە لە بەشی خوارەوەیدا پارچەیەكی شێوە قەدی درەخت هەیە كە وا بیردەكرێتەوە بۆ ئەوە بووبێت لە زەویدا بچەقێنرێت. چاوە بەرەدەشەو و بێ دەمی پیاوی ئورفە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم پەیكەرە نەبوونی دەمە، بەڵام لەبری دەم دوو بەردەشەوە جێگای چاوەكانی پیاوی ئورفەیان گرتووەتەوە. پێدەچیت نەبوونی دەم و هەبوونی دوو بەردەشەوە لە چاوەكانی پیاوی ئورفەدا، ئاماژە بێت بۆ پاشا یاخود خواوەند بوونی پەیكەرەكە. چونكە زۆر جار مرۆڤەكان لە ڕێگەی چاو-لە-چاوبڕینەوە لەگەڵ یەكتردا دەدوێن نەك دەمەوە.

ئەمەش دەكرێت لەم سەردەمەدا گرنگی پێگەی دەسەڵات یاخود ئاینی هەبووبێت. لە ئێستادا شێوەكەی گۆڕاوە بۆ كارلێكی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی، بۆ نمونە كاتێ دایكێك لەگەڵ كۆرپەكەیدا دەدوێت، كۆرپەكە سەیری چاوەكانی دایكەكە دەكات نەك دەمی. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كاتێ كەسێك لەم سەردەمەدا سەیری ئەم پەیكەرەی كردووە لە ڕێگەی چاوبڕینە چاوەكانی پەیكەرەكەوە نەك دەمیەوە هەستی بە دەسەڵات و هێزی پەیكەرەكە كردووە.

لە تێگەیشتنە شوێنەوارییەكاندا، دەگوترێت كە پەیكەری مرۆڤ وەك هەوڵێكی هونەری بووبێت بۆ وێناكردنی و نواندنەوەی هەقیقی جەستەی مرۆڤ. لە ڕاستیدا، پەیكەری "پیاوی ئورفە" خۆی گەواهی توانای مرۆڤی سەرەتاكانی سەردەمی نیۆلیتیك دەدات بۆ پەیكەرسازی جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەكی سروشتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار