سەرۆک وەزیرانی بریتانیا: "دەیەیەکی پڕمەترسی چاوەڕوانی جیهان دەکات"

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "شەڕی داگیرکاریەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین لەسەر تایوان، جیهانی خستۆتەبەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بۆیە هۆشداریدەدەین لەوەی دەیەیەکی پڕمەترسی چاوەڕوانی جیهان دەکات".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز، ریشی سوناک سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە، "جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان بون بەهەڕەشەی جیهانی و لەئێستادا مەترسی راستەقینەن لەسەر ئاسایشی جیهان، سەرەڕای پەکخستن، جیهانیان بۆ چەند بەرەیەک دابەشکردوە".

لەبەڵگەنامەیەکی 63 پەڕەییدا، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاشکرایکردوە، "جیهان لەبەردەم گەورەترین دەیەی مەترسیداردایە لەسەر ئاستی سەلامەتی و هەڕەشەکان، جیهان بەرەو ئاقارێک هەنگاو دەنێت کە گرفتەکانی کۆنتڕۆڵ نەکراو بن، لەهەموشیان مەترسیدارتر جەنگی ئەتۆمیە".

لەبەڵگەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رونیکردۆتەوە کە چۆن ژینگەی ئەمنی و ئاسایش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە لەماوەی دو ساڵی رابردودا، هەروەها ئەو هەڕەشە و ئاڵنگاریانەی هاتونەتەبەردەم رۆژئاوا و جیهان و ئۆکرانیا رونکردۆتەوە.

هەر لەو بەڵگەنامەیەدا ریشی سوناک دەڵێت، "شەڕی روسیا، داگیرکاری نایاساییە بۆسەر ئۆکرانیا و جۆرێکە لەشەڕی چەکسازی و بۆتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی خواردن و وزە لەسەر ئاستی بریتانیا و ئەوروپا و جیهان دروستببێت و ببنە کێشەی جیهانی، بەهەمانشێوە هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان ئەم قەیرانانە زیاتر قوڵدەکەنەوە، لەم پێناوەدا بودجەیەکی سێ ملیار پاوەندی بۆ گەشەپێدانی سەربازی و چەکدارکردنی وڵاتەکەی پێشنیازکردوە".

ئەم بەڵگەنامەیە لەچوارچێوەی بودجەی حکومەتدایە کە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاڕاستەی کابینەکەی کردوە کە پێشنیازیکردوە، بودجەی بەرگری 2.5% زیادبکرێت، بەڵام بڕی زیادکردنە و ماوەکەی دیارینەکردوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار