هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ کۆبونەوەکەی پارتی و یەکێتی دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای دەستپێشخەرییەكەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ سێشەممە پارتی و یەكێتی لەسلێمانی كۆبوونەوەو پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ كراوەو گفتوگۆ لەبارەی لیستی هاوبەش كراوەو بەكراوەیی هێشتوویانەتەوە.

دوێنێ سێشەممە وەفدێكی مەتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردو تێیدا چەند پرسێك تاوتوێكراون كە بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی گرنگترینیان بریتی بووە لەوەی لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی پارتی ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەروو هەموویانە پرسی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف و گێڕانەوەی بودجەی دژەتیرۆر.

هەروەها چوونەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەگرنگ وەسف كراوە بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كێشە دارایی و دەسەڵاتە كارگێڕییەكان كە بڕیاردراوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر بكرێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە وەفدی پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە دەیانەوێت پێش 18ی مانگ كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رایگەیاندووە ئەو بڕگەیەی كە تایبەتە بە 11 كورسی مەسیحی و توركمان و ئەرمەن لەگەڵ یەكێتی چارەسەری بكەن و سێ خاڵەكەی دیكە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان پارتی دڵنیایی داوە كە لەڕێكەوتنەكەیان لە لیژنەی هاوبەشی تایبەت بەهەڵبژاردن پاشگەز نەبوونەتەوەو بەم زووانەش كۆبوونەوەكانیان دەستپێدەكاتەوە.

هەروەها یەكێتی داوای كردووە سێ كورسی بۆ توركمانەكان و مەسیحیەكان لەسەر بازنەی سلێمانی دابنرێن و بۆ ئەوەش پارتی تاوتوێی دەكەنەوەو دوابڕیاریان دەدەنە ئەو لیژنە تایبەتەی بۆ هەڵبژاردن پێكیانهێناوە.

وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی بەیەكێتیان راگەیاندووە كە» هیچ كێشەیەك نابێت بهێڵینەوە بەبێ چارەسەر، بەهاوبەشی و بەگفتوگۆی دۆستانەو دوولایەنە چارەسەریان دەكەین». 

هاوكات پرسی لیستی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی وەك پێشنیاز لەكۆبوونەوەكەی دوێنێ خراوەتەڕوو كە ئەو پرسە بەكراوەیی لەنێوانیاندا دەمێنێتەوەو كۆتا خاڵ دەبێت گفتوگۆی لەسەربكرێت.

هەروەها یەكێك لەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا بۆ سێ ساڵی دیكە كارەكانیان درێژ دەكرێتەوە، تا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجومەنێكی نوێ لەڕێگەی پەرلەمانەوە پێكبهێندرێت.

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت»گفتوگۆكان ئاراستەی ئەرێنی نیشان دەدەن كە لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت».

وابڕیارە لەسەر بانگهێشتی پارتی و یەکێتی سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوەو لەسەرۆکایەتی هەرێم راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بڵاوبکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار