سوپای عێراق دەستی بە گەمارۆدانی کەمپی مەخمور کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای عێراق هەوڵدەدات بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەوروبەری کەمپی پەنابەرانی مەخمور بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی سوپای عێراق دەوربەری کامپی مەخموری گرتوە و دەیەوێت بە بیانوی "پاراستنی کەمپەکەیە" بەهێز دەوروبەرى کامپەکە تەلبەند بکات، بەڵام دانیشتوانی کامپەکە لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکانی ئەو هێزەکەدا گردبونەتەوە و رێگە نادەن بنکەی سەربازیی دروست بکەن.
حکومەتی عێراق دەستی بە هەوڵەکانی بۆ گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور کرد و بۆ ئەوەش دەیەوێت دەوروبەری کامپەکە بە تەلی دڕکاوی بگرێت، دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، بازگەکە و دەروازەی کامپەکەیان گرتووە و دەیانەوێت بچنە ناو کامپەکەوە و بە تەلی دڕکاوی دەورووبەری کامپەکە گەمارۆ بدەن.
حکومەتی عێراقی دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی بە چەک، شۆفڵ و حەفارە و تەلی دڕکاویی بە دەوروبەری کامپەکەدا بڵاوەپێکردوە و دەیەوێت دەوروبەری کامپەکە بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات، خەڵکی کەمپەکە دەستە دەستە بەرەو بازگەکە دەڕۆن و دژی ئەو هەوڵەی عێراق وەستاونەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە سوپای عێراق لە ۲۷ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱ دا هەوڵی دابوو کەمپی مەخمور بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات، بەڵام بەهۆی نارەزائئ خەڵکی مەخمورەوە ناچاربوون بکشێنەوە و دەست لەو هەوڵەیان هەڵبگرن.
