کۆبوونەوەی بەرپرسانى سوپای عێراق و کامپی مەخمور بێ ئەنجام بوو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە.
دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە.
بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر.
بەرپرسانى سوپای عێراق داوای کۆبوونەوەیان لە بەڕێوەبەرانى کامپی مەخمور کرد، بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن و ڕێگەیان بدرێت چوار دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بەڵام دوای کۆبوونەوەیەکى درێژ نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێک.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانى سوپای عێراق سوربوون لەسەر ئەوەى کە دەیانەوێت دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بۆ ئەوەى لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان دابێت، بەڵام بەرپرسانى کامپەکە جەختیان لەوە کردوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەو کارە نادەن و بە هەموو توانایانەوە ڕووبەرووی ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەبنەوە.
دوای بێئەنجامبوونى کۆبوونەوەکە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک، ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: سوپای عێراق دەیویست ناوچەکە بە سەرباز و پۆلیس و سەربازەکانی گەمارۆ بدات بەبێ ئەوەی ئاگاداری خواست و ویستی ئێمە بن.
وتیشی:" ئێمە خەڵکی مەخمور، نزیکەی ۳۰ ساڵە خواستی خۆمان ڕادەستی هیچ کەسێک نەکردووە، ئێمە حکومەتی عێراق هیچ یەکێک لە کێشەکانمان چارەسەر ناکات، ئاسایشی ئێمە ناپارێزێت و ئێستا دەیانەوێت تاوەر لە دەوروبەری کەمپەکە دابنێن."
فیلیز بوداک ئەوەش خستەڕوو، "وەک ئەوەی هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە کەمپەکەدا نەبێت، جارێکی دیکە بەبێ هیچ کێشەیەک، هیچ پێداویستییەکی ژیان نەبوو، ئایا تەنها کێشەکە ئەوەیە کە تاوەرەکان لە دەوروبەری کامپەکە دابنێن؟"
هەروەها ئەوەشى وت: "ئێمە کاتژمێرێک ڕاوێژ و گفتوۆمان لەگەڵ یەکتر کرد، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر دانانی تاوەر و قولەى چاودێر لە چوار دەوری کامپەکە ئەوان دەڵێن کە خەڵک ئەمەیان دەوێت، بەڵام ئێمە پێمان وتن کە گەل خاوەن ئیرادەی خۆیەتى و ئەمە قبوڵ ناکات، گەل ٣٠ ساڵە لێرە تێکۆشان دەکات."
لەکۆتایشدا "هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور باسی لەوە کرد، دوای گفتوگۆیەکى درێژ سوپای عێراق سورن لەسەر دانانى قولەو تاوەر، بەڵام گەلی ئێمە ئیرادەى خۆی تەسلیمی هیچ کەسێک ناکات، گەل ئیرادەى خۆی تەسلیمی دەوڵەتى تورک نەکردوە تەسلیمی عێراقیشی ناکات."
کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن
