جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران: دووشەممە دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم پڕۆژەی بودجەدا نەماوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکانیش، سبەی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دەدات.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران شەوی رابردوو سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی کرد و رایگەیاند، ھەموو لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەش سبەی دوشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدرێت.
هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "السباح"ی راگەیاند، "رۆژی دوشەممە رەشنوسی بودجە لە چوارچێوەی لیژنەی دارایی تەواو دەکرێت، چونکە ئەو بابەتە ماوەتەوە لە سێ بڕگە تێناپەڕێت و هەمو بابەتەکان یەکلایی کراونەتەوە، بەو پێیەی پرسی پشکی هەرێم و پرسی گواستنەوەکان و پرسی بڕیاردان لەسەر ئەو بڕگانە کە پەرلەمان بەنیازە بۆ بودجە زیاد بکات، ماونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەبارەت بە تێپەڕاندنی بودجە، بە ئاسانی تێدەپەڕێنرێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە هەموان چاوەڕێی بودجە دەکەن چونکە خزمەت بە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات، دوەمیش ئەو بلۆکانەی کە پێکهێنەری حکومەتن خۆیان کۆنتڕۆڵی پەرلەمان دەکەن و بۆیە بودجە بە ئاسانی دەنگی لەسەر دەدرێت، سێیەمیش هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر بودجە نییە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمان وتیشی، "بودجەی ئەمساڵ کورتهێنانەکەی تێدەپەڕێنێت، هەروەها سەبارەت بە بودجەی دو ساڵی داهاتوش، سنوردارکردنێکی بۆ زیادکراوە".
لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر زیاتر لە ٩٠%ـی ماددەکانی پڕۆژەی بودجە ئامادە کردووە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکات.
لەئێستادا ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەیان سەر بە فراکسیۆنە شیعەکانن داوا دەکەن ھەرێم سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست بکات ئەو کات شایستە داراییەکانی بۆ بنێردرێت، نوێنەرانی کوردیش ئەو پێشنیازە رەتدەکەنەوە، بەوھۆیەش تەنھا پشکی ھەرێم لە پڕۆژەی بودجەدا یەکلایی نەکراوەتەوە.
