هاتووچۆی سلێمانیی: کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەئەمڕۆوە کامێراکانی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ Point to Point کەوتوەتە کار و تیژڕەوی تۆماردەکەن، بەڵام لە 29ی ئەم مانگەوە کامێراکان تیژڕەوی تۆمار دەکەن و شۆفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016 دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شۆفێرانی پارێزگای سلێمانی و ئەوانەی سەردانی سلێمانی دەکەن ئاگاداردەکەینەوە کە پڕۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ Point to Point دەکەوێتە کار، وەکو هەنگاوی یەکەم 24 کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە رۆژی یەکشەممە 21ی ئایار تا یەکشەممە 28ی ئایاری 2023 دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە (test) و تیژڕەوی تۆمار دەکەن، بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن".
هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023ـەوە لە کاژێر 0800ـی بەیانی کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزای دارایی دەدرێن. وەکو هاتووچۆی سلێمانی باسی کردووە، سزاکان بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (79)ـی ساڵی 2016 دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، "داواکارین پابەند بن بە مەبەستی پاراستنی خۆتان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی."
خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، واتە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت لە چەند کامێرایەک بدات و چەندجارێک سزا بدرێت.
هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کامێرایانە ئەوەیە، کە ئەگەر شۆفێر لەکاتی سەرپێچیدا پشتوێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت، وێنەی دەگرێت و بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکات.
