فراکسیۆنی پارتی داوای زیادکردنی دوو بڕگە دەکات بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی پرۆژەیاساکانی هەڵبژاردن.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنەکان هەوڵیاندا رێکبکەون لەسەر شێوازی هەمواری یاسای کۆمیسیۆن کە لایەنە سیاسییەکان داوایان کرد وەکو خۆی کارابکرێتەوە.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن بەڵام تائێستا لەبارەی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن و سورن لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیاربدەن، بۆیە لەدوای ئەم خولی دانوستان پێیانوایە بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، دەڵێت، "بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەنگاوەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو بڕگە زیاد بکرێن کە ئەوانیش: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسیی هەرێمی کوردستان و، هەروەها بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون.
وتیشی، "لەپێناوی ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە بەو مەرجانە رازی بوون، بەڵام هەست دەکەن سەرەڕای رازیبوونیان، کەلێنی یاسایی دروست دەبێت بۆیە بڕیاریان داوە ئەو هەنگاوە بنێن."
