هاتوچۆی سلێمانی ڕونکردنەوە لەسەر کامێراى پۆینت تو پۆینت دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رونكردنەوە لەبارەی جێبەجێكردنی سیستمی پۆینت تو پۆینت دەدات
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 21ی ئایارەوە كامێراكانی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت دەكەوێتەكار كە 24 كامێران لە تاسڵوجەوە تا دەگاتە قەزای دوكان جێگیردەكرێن، بۆ ماوەی هەفتەیەك لەژێر ئەزمونیدا دەبێت و غەرامە بۆ سەرپێچیكاران هەژمار ناكات، لە كاتژمێر 8:00ی رۆژی 29ی مانگیشەوە بەفەرمی دەكەوێتەكار و سزاكان تۆماردەكات.
وتیشی، "ئامانجی دانانی كامێراكان كۆكردنەوەی داهات نیە بەڵكو بۆئەوەیە شۆفێر هەست بكات چاودێری لەسەرە و پابەندی خێرایی دیاریكراوی شەقامەكان بێت و دەشڵێت، "لەڕێگەی كامێراكانەوە كەمترین سزای شۆفێرانی سەرپێچیكار 70 هەزار و زۆرترینیش سزاش 250 هەزار دینارە".
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان،بەهمەن عەبدوڵا وتی، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری دەرەوەی تابلۆی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، یان بێ سەرەتان پرۆژەكە بەو شێوەیە بۆئەوان، بۆ نمونە لە تاسڵوجە تا دوكان، لە دوكان بنكەیەك هەیە كە ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچیەكەی تۆماركردوە كارمەندی تایبەتمەندی هەیە راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەكە رادەگرێت و بەشێوەی پسوڵە راستەوخۆ سزاكەی لێوەردەگیرێت".
ئەوەشی رونكردەوە، "لەئێستادا ئەوەی كارمان لەسەری كردوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 225 كامێرایە بەسەر پێنج قۆناغ دابەشبوە، هەمو رێگەوبانەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوە.
لەبارەی شێوازی تۆماركردنی سەرپێچی بۆ شۆفێران و خێرایی رێگەپێدراو، رائید بەهمەن وتی، "خاڵی سەرەتای دەستپێكی كامێراكە تا كۆتا كامێرا بەرزترین خێرایی كە شۆفێری سەرپێچیكار تۆماری كردوە، بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت، بۆ نمونە تاسڵوجە بۆ دوكان 100 خێرایی رێگە پێدراوكیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لە شوێنەكانی نیشتەجێبون 80 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبون تەواو دەبێت خێراییەكە دەچێتە 100 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، هیواداریشین كەس سەرپێچی نەكات بۆئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت ئیفلاس بكات".
سەبارەت بەبڕی سزاكان، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرایكرد، "پێنج سزامان هەیە لە 70 هەزار دینارەوە تا 250 هەزار دینار دەستپێدەكات، لەیەك كیلۆمەتر تا 15 كیلۆمەتر لەو خێراییەی بۆ شەقامەكە دیاریكراوە 70 هەزار دینارە و بەو شێوازە بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە 250 هەزار دینار، لەو 12 كامێرایەی لەهەر سایدێكی رێگای تاسڵوجە- دوكان دانراوە لەكامیان بەرزترین خێرایی تۆماركردبێت ئەوەیانی بۆ هەژماردەكرێت و بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت".
