فراکسیۆنی یەکێتی: زیادکردنی بڕگەی کاراکردنی کۆمیسیۆن، بابەتێکی تەواو نا پەیڕەوییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی زیادکردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا لەلایەن پارتییەوە دەڵێت، "ھەنگاوێكە بە ئاراستەی قوڵكردنەوەی ململانێ سیاسییەکان."
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "بەداخەوە جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاک لایەنەی نایاسایی، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی ٢٢-٥-٢٠٢٣ زیاد دەکەن، ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیە."
ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیرەویە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨)ی بڕگەی (٤) لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەبەر ئەوەی (٢٤) کاتژمێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەنراوە، ھاوکات پێچەوانەی رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت."
فراکسیۆنی یەکێتی باس لەوە دەکات "جارێکی تر پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیرەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاڕاستەی قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی، دواجار ئەنجامدانی ئەم کارە بەشێوەی تاکڕەوی وێرای ئەوەی سەرپێچی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی، بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەواوی ئەم ھەنگاوە نایاسایی و ناپەیڕەویە رەتدەکەینەوە، ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ."
