بەڕێوبەری ڕۆشنبیری سلێمانی پڕۆژەیەك دەداتە وەزیری ڕۆشنبیری عێراق
موحسین ئەدیب: پرۆژەكە بۆ ئاشناكردنی خوێنەر و نوسەری عەرەبە بە هونەر و ئەدەبیاتی كوردی

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی پێشنیارێك دەداتە وەزیری ڕۆشنبیری عێراق، داوای لێدەكات پرۆژەیەك پەسەند بكات كە تێیدا هونەر و ئەدەبی كوردی وەربگێردرێتە سەر زمانی عەرەبی تا خوێنەر و نوسەری عەرەب زیاتر كورد بناسن.
موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەڕۆژی 18-5-2023 لەپەراوێزی كردنەوەی سەنتەری دیالۆگی كوردی – عەرەبی، دكتۆر ئەحمەد بەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و شوێنەوار و گەشتوگوزاری عێراقمان بینی، گفتوگۆی ئەوەم لەگەڵ كرد ئەگەر بمانەوێت كارەكانی سەنتەرەكە سەركەوتوو بێت پێویستە هەنگاوێكی گرنگ بنێین.
وتیشی: هەنگاوەكە ئەوەیە وەك چۆن بەشێك لەهاوڵاتیان و بەتایبەتیش نوسەران و رۆشنبیرانی كورد ئاگاداری كەلتور و ئەدەبیات و هونەری عەرەبییە، پێویستە هاوڵاتیانی عێراق و عەرەبیش شارەزایی ئەدەبیات و هونەری كوردی بن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نابینین،واتە نوسەر و خوێنەری عەرەب وەك پێویست ئاگاداری ئەدەب و هونەری ئێمە نییە".
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەشڵێت: داوامان لێكردن وەك وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی عێراق بودجەیەك دابین بكەن بۆ وەرگێڕانی ئەدەبیات و هونەری كوردی بۆ عەرەبی، بۆ ئەوەی خوێنەر و نوسەری عەرەبی ئێمە بناسێت، چونكە تائێمە نەناسێت گفتوگۆ دروست نابێت و ئەوەی هەشە سەركەوتوو نابێت. "
وەزیری رۆشنبیری عێراقیش بیرۆكەكەی بەلاوە گرنگ بوو بەڵێنیدا كاری لەسەر بكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراقیش باسمان لەپرۆژەكە كرد، ئێستاش داوا لە وەزیری رۆشنبیری هەرێم و ڕۆشنبیران و میدیاكاران دەكەین هاوكارمان بن لەسەرخستنی ئەم پرۆژەیە چونكە كاریگەری زۆری دەبێت". موحسین ئەدیب وای وت.
