زیاتر لە 100 سەرکردەی جیهان داوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا دەکەن

داوا دەکرێت ئەمریکا پشتیوانیی لە مافی خۆبەڕێوبەریی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکات

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا

11 مانگ لەمەوپێش



زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردەی ئەمریکا و ژمارەیەکی وڵاتی جیهان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکان داوا دەکەن واشنتۆن هەڵوێستەکانی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە و دەڵێن کاتی ئەوەیە بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران پشیوانیی لە خەڵک بکرێت.

لە نامەیەکدا کە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە 108 سەرۆک و سەرکردەی پێشوی ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە داوایان لە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کردوە هەوڵەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە.

لەو نامەیەدا کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا و کەنەدا و دوو سەرۆکی پێشوتری یەکێتی ئەوروپا واژۆیان کردوە، باس لەوە کراوە کە لە هەموکاتێک زیاتر ئێران پێویستی بە گۆڕانکارییە و دەبێت پشتیوانیی لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە بکرێت دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

واژۆکارانی ئەو نامەیە جەختیان لەوە کردوەتەوە: کاتی ئەوە هاتوە کۆماری ئیسلامی و سەرکردەکانی ناچار بکرێن بەرپرسیارێتی تاوانەکانیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی راستەقینە بنرێت دژی ئەو دەسەڵاتە و سوپای پاسداران بخرێتە لیستی رەشەوە.

ئەو سەرکردانە هۆشدارییان داوە لە جموجۆڵە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیی لە روسیا دژی ئۆکرانیا.

لە نامەکەدا رەخنە لە دەسەڵاتی رابردوی پاشایەتیی لە ئێران گیراوە و داوا لە بایدن کراوە کە پشتیوانیی لە 10 خاڵی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی (باڵی سیاسی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق) بکات کە بە مەبەستی گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی وڵاتەکە راگەیەنراوە.

یەکێک لەو خاڵانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی باس لە مافی خۆبەڕێوبەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی و کۆتایی (ویلایەتی فەقیهـ) بە رێبەرایەتیی عەلی خامنەیی کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار