کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای چوارجار لە دواخستنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە و بڕیاریدا، كۆبونەوەكە بۆ 30ی ئەم مانگە دوابخات.

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە، بەڵام بەهەمانشێوەی سێ جاری رابردو دادگا بڕیاریدا بەدواخستنی دۆسیەكە تاوەكو 30ی (ئایار/5)ی 2023.

 

سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا هاتوە، "داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لەکاتێکدا ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە".

لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار