حکومەتی هەرێم: دەبێت پەلە بکرێت لە پەسندکردنی بودجەی عێراق

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت .

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە باس لە دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە.

لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یاندا، و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردو حکومەتی هەرێم وفیدڕاڵ پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 4ی 4ی 2023 و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردولا.

هاوکات حکومەتی هەرێم  دوپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات.

ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستور جێگیری کردون و لە ناو ڕێککەوتنی نێوان هەردو حکومەت و پڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، "ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 1ی 1ی 2023وە نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم ڕوەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی."

لە بڕگەی دوەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم کرا و دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.

ئەوەش هاتوە، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران دوپاتیانکردەوە لە گرنگی ئەم بڕیارە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی موچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجیەکان (جگە لە موچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.

ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار