یەکێتی: ڕۆژنامەی وەقایعی ئەمریکاش بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بڵاوبکاتەوە گاڵتەجاڕییە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین».

«ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت.

دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا».

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت».

وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«.

ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە ٢٠١٩ ی ئەم هەفتەیەیدا  هەڵوێستی لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرۆسەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئاشكراکرد لێرە ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار