عێراق؛ 375 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژى شەممە دەرگاى سایلۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕوى وەرگرتنى گەنمى جوتیاراندا دەکرێتەوە، لە ئیستادا بڕیارە بڕى 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت، بۆ هەر تۆنێک لەو گەنمەش بڕى 850 هەزار دینار دیاریکراوە بدرێت بە جوتیاران بەرامبەر گەنمەکەیاندا.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، 375 هەزار تۆن گەنم، لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.

بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، ''چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک غەدرێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم رێژەمان بۆ دیاری دەکەن.''

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە رێککەوتنەکەیاندا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەوەش هاتووە ئەگەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی ئەو رێژەیەی کە بۆیان دیاری کراوە بەرهەمیان هەبوو، ''دەبێ لەسەر بڕی دووەمی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران رێکبکەوین کە زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕ بۆ بەرهەمی گەنمی خۆیان بدۆزنەوە.''

وەرگرتنى گەنم بەپێى پارێزگاکان بەمجۆرەیە:
لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان بڕى 160 هەزار تۆن گەنمى جوتیاران وەردەگیرێت، لە پارێزگاى هەولێر بڕى 115 هەزار و لە پارێزگاى دهۆکیش 100 هەزار تۆن گەنم لە بەرهەمى ئەمساڵى جوتیاران وەردەگیرێت کە بڕیارە ئەو بڕە بەهۆى ناڕەزایەتیی جوتیارانەوە زیاد بکرێت.

لە ئێستادا بڕى 40 ملیار دینار هاتوە بۆ هەرێمى کوردستان بۆ پارەى گەنمى جوتیاران و لەو بڕەش 20 ملیارى بۆ شارى سلێمانییە و 10 ملیاریش بۆ هەولێر و 10 ملیارى دیکە بۆ پارێزگاى دهۆک.

وەرگرتنى ئەو بڕە گەنمەش ناڕەزایەتیی جوتیارانى لێکەوتوەتەوە و دەڵێن: ئەمساڵ بەرهەمەکان باش و بەپیتن و گەنمێکى زۆریان دەمێنێتەوە و دەبێت بە هەرزان بیفرۆشنەوە.

هاوکات، بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئێستا دوو کۆمپانیای گەورە کە خاوەنی 13 کارگەی جۆراوجۆرن بۆ بەپیشەسازیکردنی دانەوێڵەی گەنم کار دەکەن کە ساڵی رابردووش بە هەمان نرخی عێراق بەشێک لە گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە و ئەمساڵیش لەسەر نرخێکی باش دانوستاندنیان لەگەڵ دەکرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار