هەدەپە و چەپی سەوز دوایین هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا کرد

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەدەپە و پارتی چەپی سەوز رایانگەیاند کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەنەوە و رژێمی تاکەکەسی دەگۆڕن.

پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی چەپی سەوز، کە بڕیاریاندا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتیوانی لە کاندیدی هاوپەیمانی گەل کەمال کلیچدارئۆغلو بکەن، هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەیان کرد بۆ خولی دووەم و بڕیاری كۆتاییاندا. بەم مەبەستە هاوسەرۆکانی هەدەپە و هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا.

پەرورین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی: لە ۲۸ی ئایاردا دەچینە هەڵبژاردنێکەوە، کە ساڵانی داهاتوو لە ڕووی ئەنجامەکانیەوە دیاری دەکات، ئێمە ڕووبەڕووی بیرکردنەوە و پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی تۆتالیتاری و لایەنگری ڕەها دەبینەوە.

ماوەی ۲۱ ساڵە سیستەمێکی تاک پیاو بنیات نراوە، بۆیە هەڵبژاردنی ۲۸ی ئایار ڕیفراندۆمێکە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانی لە گۆڕانکاری دیموکراسی دەکەن لە سیستەمەکەدا و ئەوانەی دەیانەوێت ئەم ڕژێمە تاکڕەوە بپارێزن. بوڵدان دەشڵێت، " ئامانجی سەرەکی خەباتی ئێمە بنیاتنانی سیستەمەکە بە ستانداردێکی جیهانی، کە ئەولەویەت بە ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی بدات.

چەند رۆژ لەمەوبەر پارتی سەرکەوتن بە سەرۆکایەتی ئومید ئوزداغ بریاریدا کە دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ بدات و بەم شێوەیە پرۆتۆکێل لەنێوانیاندا واژۆ کرا. ئوزداغ کە کەسێکی نەتەوەپەرستە و زۆر جار لە قسەکانیدا دژایەتی پارتەکەی بۆ هەدەپە دەربڕێوە، داوا دەکات سیستمی قەیوم کە لەو رێگەیەوە دەست بەسەر شارەوانیەکانی هەدەپەدا گیراوە، بەردەوام بێت. بەو هۆیەوە، باسی ئەوە دەکرا کە هەدەپە لەم دۆخە ناڕازیە و ئەگەری هەدەپە لە هەلبژاردنەکان بکشێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بە هەڵوێستەکەیان ئەو دەنگویانەیان رەت کردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار