کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵە: هەر بڕە دانەوێڵەیەک هەبێت وەری دەگرن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنم گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووە و بەنیازن ئەمساڵ بڕەکەی بەرزبکەنەوە بۆ 4 ملیۆن تۆن و ڕاشیگەیاند نایانەوێت گەنم لە دەرەوە هاوردی عێراق بکرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق گوتی، تاوەکو ئێستا نازانن بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان چەندە، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و ئەگەر پێویستی کرد، رەنگە گەنمی زیاتریش وەربگرن.
تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیارانی عێراق وەرگرتووە و بەنیازن ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 4 ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە کە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. دەشڵێت، هەرچی دانەوێڵەی جووتیاران بێت وەری دەگرن و رێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوە نادەن.
هاوکات کەمال موسلیم گوتی، بڕیارە حکومەتی عێراق 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت و داوایان کردووە ئەو رێژەیە زیاتر بکرێت. گوتیشی، پارەی پێویست لە بانکەکان هەیە.
هۆکارى دواخستنى وەرگرتنى گەنمیشى بۆ ئەمڕۆ ئاشکرا کرد و وتى: بەهۆى کۆمەڵێک کێشەوە نەتوانرا رۆژى پێنجشەممە دەرگاى سایلۆکان بکرێنەوە بۆیە دواخرا بۆ ئەمڕۆ، ئەوەى ئەمساڵ جیاوازە ئەوەیە لە ئێستاوە بڕێک پارە خراوەتە سەر حسابى وەزارەتى بازرگانى لە هەولێر و دهۆک و سلێمانى و بە نیازین هەر ئەمڕۆ ئەوانەى گەنمەکە رادەست دەکەن چەکى پارەکان بدەینێ و ئەوانی تریش ناهێڵین لە دوو هەفتە تێپەڕ بکات چەکەکانیان پێدەدەین".

