بزووتنەوەی گۆڕان: داوای کۆبونەوەى لوتکەى پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بزوتنەوەی گۆڕان داوای کۆبونەوەی لوتکەی پارتە سیاسییە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکان و دەستپێشخەرییەک رادەگەیەنێت
بزوتنەوەی گۆڕان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش چەندین هەوڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و چارەسەری ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیەکانەوە، جارێکی دیکە پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان لێکترازانێکی تری دروستکرد"
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بزوتنەوەی گۆڕان لە (31ی (شوبات/2)ی 2021دا پڕۆژەیەکی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکرد، داوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی کرد لە پێناوی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەنرا، دواجار پێنج لایەنی سەرەکی لە رۆژی 11ی (ئازار/3)ی 2023 ڕێکەوتنێکیان ئیمزاکرد کە ئەم دوپرسە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و کارا بکرێنەوە".
بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت، "بزوتنەوەکەمان سیاسەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، کە پێداگرییە لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکان، بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی ئەم دۆخە و لێکترازانی زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی سازانی نیشتمانی هیچ کۆبونەوەیەکی کۆمسیۆن بەپێویست نازانین".
ئەوەشیخستۆتەڕو، "وەکو ئەرکی نیشتمانی و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چارەسەری ناکۆکیەکانی هەرێم و پێشهاتە نوێیکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان داوای کۆبونەوەی لوتکەی پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات".

