میدیاکانی ڕوسیا: ئۆکرانیا بۆرییە نەوتییەکانی ڕوسیای کردۆتە ئامانج

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کاربەدەستان و میدیاکانی ڕوسیا ڕایانگەیاند ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زنجیرەیەک هێرشیکردۆتە سەر دامەزراوەو بۆرییە نەوتەکانی ڕوسیا لە قوڵای وڵاتەکەدا  لەوانە بۆ سەر وێستگەیەکی خزمەتگوزاری بۆرییەکانی دروزبا و بەلایەنی کەمەوە دووکەس گیانیان لەدەستداوە.

لەم هەفتەیەی دواییدا هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لەناو ڕوسیادا لە زیادبووندایە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایە ئۆکرانیا لەپشت هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەوە بووە بۆ سەر کرێملن.

 ڕۆژنامەی کۆمێرسانت ڕایگەیاند لە ناوچەی تڤەر کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر وێستگەیەک کە خزمەتی هێڵی بۆرییەکانی دروزەبا دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین بۆرییە نەوتییەکانی جیهان.

لەو بارەیەوە ئەنجومەنی ناوخۆی تیڤەر ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک گوندی ئێرۆخینۆ کەوتۆتە خوارەوە کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە.

هاوکات قایمقامی هەرێمی بێلگۆرد لە ڕوسیا ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی ئۆکرانیا بەلایەنی کەمەوە یەک کەسیان کوشتوە و سێ کەسیش برینداربوون، لەنێویاندا کچێکی تەمەن ۱۵ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ۱۷ ساڵ هەن.

کێڵگەی نەوتی دروزبا کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دروستکراوە، توانای ئەوەی هەیە ڕۆژانە زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل پەمپ بکات، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کەم بەکاردەهێنرێت لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەوروپا هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕوسیا دەدات دوای ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ساڵی ڕابردوو هێزی سەربازی نارد بۆ ئۆکرانیا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار