ئێران وەڵامی سەرۆکی ئۆکرانیا دەداتەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی             

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ڕەخنەگرتن لە ئێران دەیەوێت لە ململانێکان لەگەڵ روسیا هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی و چەکی زیاتر لە رۆژئاوا بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانێکی ڤیدیۆیی دایەوە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە "گەلانی ئێران" کرد کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ دورکەوتنەوە لە "تیرۆریزمی ڕوسیا" و واز لە دابینکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مۆسکۆ بهێنن کە بەکاری دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لە ئۆکرانیا.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوبارەبونەوەی تۆمەتە ناڕاستەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا دژی ئێران ئامانجی ئەوەیە زۆرترین چەک و یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەربگرێت".

ئێران لە سەرەتادا رەتیکردەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید بۆ ڕوسیا دابین بکات، بەڵام دواتر رایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنورداریان بۆ دابین کردووە.

ڕوسیا لەوکاتەوەی لە مانگی شوباتی 2022 دەستی بە لەشکرکێشی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێزتر کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار