گوتەبێژی وەزارەتی دارایی :"ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، با پارەی بۆ تەرخانبكرێت"

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، با پارەی بۆ تەرخانبكرێت" و دەشڵێت "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رەخنە لەدەستكاریكردنی رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لە لیژنەی دارایی دەگرێت و راشیدەگەیەنێت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەناچاری و بەهۆی قەیرانی داراییەوە بو، ئێستاش ئەگەر پێشنیازكراوە پاشەكەوت بگەڕێندرێتەوە با پارەی بۆ تەرخانبكرێت.
هونەر جەمال باسی لەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی بۆ دیارینەكرێت و هیچ گواستنەوەی پارەش لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساكەدا نەهاتبێت، ئەمەش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوە و لە هەمو ساڵانی رابردوشدا هەر بەمجۆرە بوە"
ئەوەشی رونكردەوە، " ئەو رێژەی 10%یەی پاشەكەوتی مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە باسدەكرێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە، ئەم بڕە پارەیە چۆن دابین دەكرێت با پێمان بڵێن، بەدڵنیاییشەوە بەغدا پارەمان بۆ تەرخان بكەن، نەك 10%بەڵكو 30%ی پاشەكەوتی موچە دەدەینەوە".
ئەو وتەبێژە وتیشی "ئەگەر پێشنیازی پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە جێگیركراوە لەناو پرۆژەیاسای بودجە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرمون پارەی بۆ تەرخان بكەن. با رێژەی 10% نەبێت و رێژەی 30% بێت، بۆئەوەی بتوانین لە زوترینكاتدا پاشەوكەوتی موچە بدەینەوە موچەخۆران".

