دادگای فیدراڵی عێراق: درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوای سێجار لەدواخستن، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوەوەو بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، پاش سێجار لەدواخستنی دانیشتنەكە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.

سکاڵاکە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون.

لەو سکاڵایەدا سكاڵاكار داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی ناکۆکبوونی لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار