دواهەمین لێدوانی مەسرور بارزانی سەبارەت بە پاشەکەوتی موچە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامادەن گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک و سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەش ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوتکردنی موچە بەغدا بوە و حکومەتی هەرێم نەبوە بۆ دانەوەشی پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نیە".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر،وتی "گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە"

لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی حکومەت وتی، "ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر کردن، هەندێک لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دروستکرد".

ئەوەشی خستەڕو، "پێش چەند ڕۆژێکیش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێناوەتە پێش کە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بکرێن، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ئەو خاڵانەش دەستوری نین و بەشێکیش نین لەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەمانە".

پەیوەست بە پاشەکەوتی موچە وتی، "بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە".

رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو ئەو پاشەکەوتی موچەیە جارێکی دیکە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت، پێویستیم نە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیکەش هەیە".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار