حكومەتی هەرێم؛ دەتوانێت 10%ی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە

یەكێتی پێداگرە لەسەر گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەو پارتیش رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ لابردنی

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق سێ بڕگەی لە ماددەی 14 پڕۆژە بودجە جێگیركردووە كەئەولەویەت بدرێت بەدابەشكردنی مووچەو 10% ی مووچەی پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و پارێزگای ناڕازی ئەو مافەی هەبێت بەغدا راستەوخۆ بودجەی بۆ رەوانە بكات.

رۆژی هەینی رابردوو لیژنەی دارایی كارەكانی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی عێراقی پەسەند كرد، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی بەشێك لەبڕگەكان پارتی لەڕێگەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان دانیشتن و كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی راگرت.

پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە.

لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار.

هەروەها لەماددەی 14و بڕگەی 12ی پڕۆژەكەدا ئاماژە بەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە كەمانگانە 10% بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران كەحكومەتی هەرێم مانگانە 910  ملیار دینار دەداتە مووچەو بەو شێوەیە مانگانە 91 ملیار دینار خەرجی دارایی دیكەی بۆ دروست دەبێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كەمانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە  200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات.

حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو  بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت.

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 11 ملیار دۆلار مووچەی پاشەكەوتكراو نەدراویان لای حكومەتی هەرێمە كە بەدینار دەكاتە زیاتر لە 18 ترلیۆن دینار.

بەشێوەیەك كە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران حەوت موچەی تەواویان پێنەدراوەو (23) مانگی تەنها چارەكە مووچەیان پێدراوەو (11) مانگیش بەشێكی كەم بەڕێژەی لەسەدا (21،18،15،12،10) مووچەی فەرمانبەران  پاشەكەوت كرا.

یەكەم؛ پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)

هاوكات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیارو 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) جێگیر كراوە ، بەجۆرێك؛ گێرانەوەی پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، دابینكردنی پژێوی و موچەی موچەخۆرانە، ئەم پرسە لای یەكێتی بەئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی یەكێتی دادەنرێت و پارتیش دەڵێت پێویستە بەغداد بودجەی بۆ تەرخان بكات.

لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەی موچەخۆران یەك ملیۆن و 251 هەزار كەسەو ئەگەر تەنها 10% پاشەكەوتی مووچە بگەڕێندرێتەوە ئەوا مانگانە 91 ملیار دیناری دیكە دەكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمەوەو جوڵەی ئابووری زیاتر دەكات و بوژانەوەی ئابووری لێدەكەوێتەوە.

هەرێمی كوردستان دانیشتوانەكەی زیاترە لە شەش ملیۆن كەس كە لەهەزارو 200 خێزان پێكهاتووە، واتا هەر خێزانێك بەتێكڕا مووچەخۆرێكیان بەردەكەوێت، كەواتە گێڕانەوەی 10%  پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەدۆخی ئابووری هاووڵاتیانەوە دەبێت و متمانەی حكومەت لای خەڵك زیاتر دەكات.

شیعەکان نایانەوێت کێشە بۆ حکومەتەکەی سودانی دروست ببێت و چاوەڕوان دەکرێت پارتی ڕازی بکەن و بڕگەی گەڕاندنەوەی ٪١٠ پاشەکەوتی مووچە لاببرێت

دوێنێ سێشەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە «بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەكیش لەشوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بەدەق لەیاساكەدا نەهاتبێت، كە ئەمە لەپڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوەو لەهەموو ساڵانی رابردووشدا هەر وابووە».

هونەر جەمال راشیگەیاند كەئەو لەسەدا 10ـی پاشەكەوتی مانگانەی مووچە كە لەلایەن خەڵكەوە باسی لێودەكرێت، مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 90 ملیار دینارو ساڵانەش پێویستی بەزیاتر لەیەك ترلیۆن دینارە، وتیشی:» ئەگەر پێشنیاری پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچە جێگیركراوە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرموون پارەی بۆ تەرخان بكەن با سەدا 10 نەبێت، با سەدا 20 و 30 بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەزووترین كاتدا پاشەوكەوتی مووچە بەمووچەخۆران بدەینەوە».

كۆی پارەی پاشەكەوتی موچەخۆران  كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی 2022 لەپەرلەمان رایگەیاند، قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم زیادیان كردووەو بوونەتە 28 ملیارو  500 ملیۆن دۆلار لەماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نیوێك زیادبووە.

هاوكات رۆژی 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند «كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی سێی 2020 (28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی سێی 2021 واتا لەماوەی ساڵێكدا  گەیشتووەتە 31 ملیارو  بە: 637 ملیۆن دۆلار».

هەروەها زیاكردنی ئەو سێ ملیارەی دۆلارەی بۆ شایستە داراییەكانی مووچەخۆران بۆ مانگەكانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە.

لە  13ی ئازاری ئەمساڵدا  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی 2023ی پەسەند كرد كە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەكاردێت.

لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنجی نیسانی 2023 خوێندنەوەی یەكەم و لە 18ی نیسانی 2023  پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساكە ئەنجامدا، چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی حوزەیران پرۆژەیاساكە پەسەند بكرێت.

لەپرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیارو 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت و داهاتی نانەوتیش بە 17 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوەو كورتهێنانی بودجەكەش 64 ترلیۆن دینارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار