یەکێتی: داوامانكردوە، هەمو کێشەکان بەلاوە بنێین ولە مەسەلەی کەرکوک بەیەکەوە بین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، داوایان لە لایەنە سیاسییەكان كردوە، لەناوچە جێناكۆكەكان بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن.
شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەمڕۆ سەردانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی لە هەولێر كرد و لەدوای كۆبونەوەكەش، رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند، "پشتیوانی یەک لیستی دەکەین".
وتیشی، " بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک سروشتی هەڵبژاردنەکە واپێویست دەکات هەمو لایەنە سیاسیە کوردەکان لە لیستێک پێکەوە بن . "
ئەوان وەک یەکێتی ئامادەی هەمو کۆبونەوەیەکن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک یەکێتی ئامادەی هەمو کۆبونەوەیەک و کۆنگرەیەکن لەپێناو یەکڕیزی و برایەتیدا و رونیشیکردەوە، ئەوان داوا ناکەن کە لایەنەکان بێنە ناو لیستی یەکێتیەوە بەڵکو داوا دەکەن کە هەمو لایەنەکان پێکەوە رێکبکەون، چونکە ئەگەر "ئێمە بە لیستی جیاوازەوە بچینە هەڵبژاردنەوە، کورد لەناوچە جێناكۆكەكان زەرەری گەورە دەکات".
