سێ حاڵەتی کۆلێرا لە دهۆک تۆمارکران و 50 حاڵەتی گومانلێکراویش هەن
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری پارێزگاری دهۆک دەڵێت، 3 تووشبووی کۆلێرا لە سنوورەکە تۆمارکراون و 50 تووشبووش گومان دەکرێت تووشبووی کۆلێرا بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023، شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆک بە هاوڵاتی وت، "سێ تووشبووی کۆلێرامان تۆمارکردووە و 50 نەخۆشیشمان هەن کە گوماندەکرێت تووشبووی کۆلێرا بن".
وتیشی،" دوای تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانە لیژنەیەکی باڵا دروستکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە و تووشبووەکان تەندروستییان جێگیرە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
هاوکات کۆمەڵێک رێنمایی تەندروستی لەسەر شوێنە گشتیەکان دابەشکراون تاوەکو پابەند بن بە رێنماییەکان. شەمعون شلیمون ووتیشی"رێنماییەکان زیاتریان لەسەر شوێنەکانی سەوزە و چێشتخانەکانن کە پێویستە بەتەواوی رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن"
لە 27ـی ئابەوە سکچوون و رشانەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووتەوە، سەرەتا لە سلێمانی و دواتر گەرمیان، پاشان لە شارەکانی دیکەش بڵاوبووەوە.
جێگەیباسە 9ـی ئەیلوولی2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 117 کەس تووشی کۆلێرا بوون و تەنیا لە سلێمانی و گەرمیان نەبوون و 10 لە تووشبووانی کۆلێرا لە سنووری پارێزگای هەولێرن.

