بەشێک لە ئەندامانی دەستەی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەو راگەیەندراوە رەتدەکەنەوە کە شەوى رابردوو بەناوى دەستەکەوە بڵاوکرایەوە و بە "هەڵوێستێکی سیاسیی دیزاینکراو" ناویدەبەن، باسى چەند دۆسییەیەکیش دەکەن کە دەستەکە خۆى لێ بێدەنگ کردوون.
شەوى رابردوو، لە پەیجى فەرمیى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تێیدا دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى بەوە تۆمەتبارکرابوون، رێگەیان بەسەردانى دەستەکەیان بۆ لاى دەستگیرکراوانى لالەزار نەداوە. ئاماژەبەوەشکرابوو، بەگوێرەى بەدواداچوون و زانیارییەکانیان کەسانێک لە رووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادەنین زانیاریی بڵاوبکەنەوە.
بەڵام ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە کارگێڕانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرلەبەرى راگەیەندراوەکەى دەستەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردبوو چەندین جاری دیکە سەرنج و تێبنییان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە"کە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێکراوە"، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکە هیچ هەڵوێستیان نەنواندوە و هەموو جارێک داوای چارەسەریان کردووە.
سەبارەت بەدەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار، لە پەیامەکەدا هاتووە "ئێمە یەکەم تیم بووین وەک دەستە سەردانی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانمان کرد، هەر لە رێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاسانکاری کرد بۆ سەردانی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان و هیچ رێگرییەک نەبووە".
ئاماژەبەوەشکراوە، بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە هەموو ئاسانکارییەک بکرێت، بەڵام دەستەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەى دیسان نەیهێشت بگاتە یەکشەممە و راگەیەندراوى بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەش بۆچوونیان وایە "دەستەکە پێی گوتراوە ئەوە بکات".
بەشێک لە کارگێڕانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەڕوونى و راشکاوى دەڵێن "ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، رەتدەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوونى هەموو دەستە ناکات و تەنیا بۆچوونى لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆی بەکاردەهێنێت".
باسیانلەوەکردووە، لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لەڕۆژی یەکەمی رووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی دیکەش هاوکاربوون و دەبوو دەستە رەچاوی ئەوەی بکردایە ئەو دۆسییە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت.
بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پرسیاریان لەبارەى دۆسییەکانى خورشید هەرکى، هەوڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەوان هێمن مامەند، دادگاییکردنی شێروان شێروانی و پەلاماردانى پارێزەر شوان سابر کردووە و دەڵێن؛ ئەو بەشەی ئەنجوومەنی کارگێری دەستە لە کوێ بوون؟.
پرسیارى ئەوەشیان کردووە، "ئەی کاتێک ئەدهەم بارزانی رێگەی پێنەدرا بەشداری پرسەی دایکی بکات لەماڵ و زێدی خۆی و دەستبەسەر ماڵ و موڵکیدا گیراو پاسەوان و شۆفێرەکەی دەستگیرکران، بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێکی بۆ رایگشتی نەوت و بڵاونەکردەوە؟".
هەروەها دۆسییەى هونەری رەشید ئاغایان بەبیرهێناوەتەوە "کە تاوەکو ئێستاش دادگایینەکراوە و کەس نازانێت قۆناغی لێکوڵینەوەی بەکوێ گەیشتووە، بۆدەستەکە هیچ ناڵێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش روداوەکانی سلێمانی روویانداوە".
لە کۆتایى پەیامەکەدا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم هەڵسوکەوتانەى دەستەکە "ئامانجى لایەنێکی سیاسییە کە دەیەوێت ئەجێندای خۆی فەرز" بکات و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە.

