بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم: پێشبینی دەكەین وەفدێكی هەرێم بەمنزیكانە بچێتەوە بەغدا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پێشبینی دەكرێت بەمزوانە وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە و لەسەر چەند پرسێك دەست بەكۆبونەوەكانیان بكەنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە: ڕۆژی 24ـی كانوونی یەكەمی 2023 جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان كۆ بووە و لە کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکەشدا، جگە لە پرسە میدیاییەكان، وردەكاریی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی ڕوون كردەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا جوتیار عادل وتوویەتی:" گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن."
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە: "پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە."
هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەشكردووە: "ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت."
لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، جوتیار عادل دەڵێت: "ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت: <ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت>. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە."
یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە جوتیار عادل ڕایگەیاندووە:"حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكوو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە."

