هێزی هاوبەشی عێراق و هەرێم لەناوچە جێناكۆكەكان جێگیر دەكرێت
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەرەتای مانگی سێ دەستبەکار دەبن و لە خانەقین و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، دەشڵێت "چیتر تەعدا لە کورد ناکرێت و زەویەکانیشیان داگیر ناکرێت"، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا و جوتیارێكی دیكەی كورد لەسەر سكاڵای فیرقەی 11 ی سوپای عێراق لەكەركوك بەندكران.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی وتووە:" دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق نزیکەی مانگێکە دەستیان بە مەشق و ڕاھێنان کردووە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە مەشق و ڕاھێنان بەردەوام دەبن، دواتریش دەستبەکار دەبن و لەناوچە کوردستانییەکان، لە خانەقین و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، بەپێی ڕێککەوتن ئەو شوێنانەیان بۆ دیار کراوە کە بۆشایی ئەمنیان ھەیە، بارەگای سەرەکییان لە کەرکووک لە سەربەشاخ دەبێت کە نزیکە لە سەرگەڕان" .
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی:" ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ھاوکارییەکی باش دەبێت بۆ خەڵکی کورد بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ تەعدایان لێ بکات و زەویان داگیر بکات، چونکە لەو دوو لیوایە یەکێکیان ئامر لیوایەکەی کورد دەبێت و جێگریشی عەرەب و لیوای دووەم ئامر لیوا عەرەب دەبێت و جێگری کورد دەبێت، ئەمە یەکلایی کراوەتەوە و دیاریش کراون، بڕیاریشە سەرەتای مانگی ٣/٢٠٢٤لە ناوچە کوردستانییەکان ھەردوو لیوا دەستبەکاربن".
وتەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ساتیع ناسیح نوێنەری جوتیارەكانی تۆپزاوا لەسەر سكاڵای فیرقەی 11ی سوپای عێراق رۆشتە بەردەم دادگای كەركوك و بە فەرمانی دادوەر لەگەڵ جوتیارێكی تر بەندكران.
فیرقەی 11ی سوپای عێراق كۆمەڵێك تۆمەتیان ئاراستەی كردووەو لەنێویدا بانگەوازكردن بۆ كۆبونەوەی خەڵك لەسەربازگەی تۆپزاوا بۆ بینینی شانۆگەری، یەكێكی تر لەدەستگیركراوەكان سۆران مام نازمە كە ماوەیەك پێش ئێستا باوكیشی دەستگیركراو دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.

