ژووری بازرگانی سنە: تورکیا کاردەکات بۆ لاوازکردنی کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان

سەید کەمال حوسەینی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە ڕایدەگەیەنێت گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەگەیەنێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.

لە دوای هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ شاری هەولێر هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و دهۆک بایکۆتی کاڵای ئێرانیان ڕاگەیاند، لەوبارەیەوە سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای سنە بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە " ئەو ڕووداوانە لێکەوتەی باشیان بۆ بازرگانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی بازاڕی کاڵاکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نابێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "تورکیا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزەوە کاردەکات و ئەم گرژییانەی ئەم دواییە هێندەی تر کاڵای ئێرانی لاواز دەکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەمەش ئێران بەرژوەندییەکانی لە بازاڕەکانی هەرێم لەدەستدەدات".

شەوی  19ـی کانوونی دووەمی 2024، ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بە "تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێری  کرد و داوای لە بازرگانان و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کرد، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانی ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

سێ رۆژ دوای داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لە 19ـی ئەم مانگە، ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی "زۆر جێگەی داخە."

ژووری بازرگانیی تاران راشیگەیاند، "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێک بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو لایەن بگەیێنێت" و داوای کرد، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کەلوپەلی ئێرانی بایکۆت نەکەن.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار