ههرێم بۆ بهغدا: پێویستە بەزوترین کات دوابڕیار لهبارهی ناردنی بودجه جێبەجێ بكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی مووچە هاتووە، "ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت."
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا لهبارهی كۆبونهوهی ئهمڕۆ چوارشەممەی رایگهیاند، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە بودجە و موچە و تێچوی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا .
ئهوهشخراوهتهڕو، ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردوە و پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵی کردوە بە ئاڕاستەی لابردنی هەمو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بودجە، لەپێش هەمویشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجیى موچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕبونی 17 رۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشەبودجە و موچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، تیشکمان خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15 تا 19ی ئەم مانگە.
ئاماژەمان بەوە دا کە کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لە سەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بۆ یەکەم جاریش ئەمساڵ لە داڤۆس، ( ماڵی کوردستان )مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری زیاتر.
دووپاتیشمان کردەوە کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم، جەختیشمان کردەوە کە هاوسۆزییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بە تایبەتی کە هێرشی ناڕەوا و بێ پاساو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان.
دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پێشڕەوی دزەیی و هەموو شەهیدانی دیکە کرد کە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە ومووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد کە لەلایەن بەڕێز کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە، لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجی مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێویی دروست کردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێكکەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی ئەم بابەتە بکرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێکراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینی چاودێری دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار خرایەڕوو، کە تێیدا کێشە وگرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانەڕوو بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماستەرپلان لە چوارچێوەی نەخشەی پەسەندکراو کە گرنگیەکی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەکی درێژخایان بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابووریی و ژینگەیی وکۆمەڵایەتیەکان و دوور لە بەکارهێنانی نادروستی زەوی گشتیی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی وگەشەسەندنی هەڕەمەکی و بێ پلانیی سێکتەرەکان.
وێڕای ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی دارايی تێدەپەرێت ، بەلام بە هۆی کاریگەری ماستهرپلان وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و ڕێكخستنی تهواوی سێكتهره خزمهتگوزارییهكانی شار و ڕێكخستنهوهی بەكارهێنانی زهوی و ئاراستهی فراوانبوون و بووژاندنهوهی شار ، هەروەها بابهتهکە كاریگهری لهسهر ئهرك و ئهدای وهزارهتی شارەوانی و گەشتوگوزار ههیه و ئهو پڕۆژانهی كه گرێبهستیان لهسهر ئهنجامدراوه به ڕاگیراوی ماونهتهوه بارگرانی له ههموو ڕوویهكهوه لهسهر حكومهت دروست كردووه.
بۆیە لە دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاریی پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە گوێرەی تایبەتمەندیی و توانای دارایی بەردەست ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکان بگیرێنەبەر.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەمان، ڕەشنووسی کۆتایی ( ڕێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ) خرایەڕوو کە لە لایەن لیژنەیەکی وەزاریی هاوبەش ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانەکرابوو کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو. .
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەکەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانیە لە هەرێم بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستیی نێوان خاوەنکار و کرێکاریی بیانی و کۆمپانیای هێنەری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەکانی هەمووان ئاشکرا بێت و لە کاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، و لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بنەماکانی پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی لەخۆگرتووە و پێدانی هەلی کار بە کرێکاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت کە کرێکاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان بەشێکی گرنگی ڕێنماییەکە پێک دەهێنێت.
