سەرۆک کۆماری عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیاند

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد دەستووری عێراق بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە.

دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023) لە 21ی شوباتی 2024 ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2024 د. لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە بۆ راوێژکردن لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند "پرۆسەی سیاسی لە دوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستووردا چەسپاوە و یەکێک لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و سیستمی دەسەڵات کۆماری نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، دەستوور بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاوڵاتییاندا هەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات".

ئەوەشخراوەتەڕوو "سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنووری هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراق و داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەدەسەڵاتەکانی هەرێمدایە".

هەروەها سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەکرد "دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری ڕێککەوتوون و ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، کە عێراقییەکان پەسندیانکردووە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکانی رێکخستووە، دادگای باڵای فیدراڵیش بەپەرۆشە کە ئەوەی لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات".

وتیشی "بڕیاری دادگای فیدراڵی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەماهەنگییەکی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەکە و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەشێوەیەک کە خەرجکردنی مووچە بەبێ وەستان مسۆگەربکات و بە هۆکاری هونەری یاخود گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان نەوەستێت، چونکە میکانیزمی بە بانکیکردن (توطین)ی مووچە، پێویستی بە ماوەیەک هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەبەرئەوە مووچە بەکاش دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەیان بەهۆی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە تەواو نەبووە".

هەروەها دادگا پشتگیری و پارێزەری مافەکانی گەلە و لە پەیوەندی و راوێژی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆك کۆمار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ڕەنگە روبەڕوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببنەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لە  جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و یاساکان لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی خەڵکی کوردستان بەهۆی ناڕێکی لە دابەشکردنی مووچەوە سەرچاوەیان گرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار