ئاسۆ حەسەنزاد: ئەو گه‌لانه‌ی به سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتوون نه هێنده‌ی کورد قه‌ڵاچۆ کراون و نه هێنده‌ی کوردیش خه‌باتیان کردووه
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ديدارى: ئازاد عەلى
بیۆگرافی: د. ئاسۆ عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن زاده ساڵی (1964) له به‌غداد له دایک بووه. خوێندنی له بواری یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا له فهڕەنسا و سویسرا ته‌واو کردوه. له زانکۆکانی فه‌ڕه‌نسا، سویسرا و کوردستان مامۆستا و سه‌رۆک به‌ش بووه. له نێوان ساڵه‌کانی (2012 بۆ 2017) ڕاوێژکاری سه‌رۆکی حوکوومەتی هه‌رێمی کوردستان بووه. له پاش له‌تبوونی حیزبی دیموکرات له ساڵی (2006) تا ساڵی (2019) ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ماوه‌ی سێ ساڵ جێگری سکرتێری گشتی و وته‌بێژی ئه‌و حیزبه بووه. له ئێستادا خه‌ریکی کاری ئه‌کادیمی و ڕاوێژکارییه.
(100) ساڵ بە سەر (پەيمانى لۆزان - 1923)، کە لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەكان و توركياى ئاتاتورك واژۆکرا تێپەڕى، كە (پەيمانى سيڤەر)ى هەڵوەشاندەوە و كوردى لە بوونى دەوڵەت بێبەشکرد؟ پاش سەد ساڵ لە بێ دەوڵەتى، كوشتن و جينۆسايد، ئەگەری پشتيوانييەكى نێودەوڵەتى هەيە بۆ كورد، تا لەپای ئەو غەدرە قەرەبوو بكرێتەوە؟ هۆکاری ناوخۆيى گرفتى زۆرە؟ ئەى هۆکاری دەرەكى ئێوە چۆن دەیبينين؟ کورد ده‌بێت چی بکات و به کوێ ده‌گات؟
- دیاره ناتوانین هۆکاری ناوخۆیی و هۆکاری ده‌ره‌کی به ته‌واوی لێک جیا بکه‌ینه‌وه و ئه‌و دوانه زۆر جار به‌رهه‌می یه‌کترن، به‌ڵام به هه‌رحاڵ ئه‌وساش و ئێستاش هه‌ر دوو هۆکارەکە وه‌ك یه‌ک کاریگه‌ریی نه‌رێنییان له سه‌ر دۆخ و چاره‌نووسی کورد هه‌بووه و هه‌یه. له په‌نای ئه‌و دوو هۆکارەشدا پێویسته هۆکاری کات یا سه‌رده‌ممان له به‌رچاو بێت. کێشه‌ی کورد له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌یه، که له مێژوو به جێ ماوه یان باشتره بڵێم وادەی خۆی له‌گه‌ڵ مێژوو، که سەد ساڵ پێش ئێستا بوو، له ده‌ستی داوه. به واتایه‌کی تر ئه‌و کاتەی که کاتی بوو، کورد ئاماده نه‌بوو، ئێستاش، که کورد بە خۆ هاتوەتەوە، لانی که‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌گه‌ر دره‌نگیش نه‌بووبێت کاره‌که دژوارتر بووه چونکه ڕێسای یارییەکە و ئه‌و شتانه‌ی له گره‌ودان گۆڕاون.
ئەگەر نا ئەوه نه‌بێت، کە هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی به سه‌ربه‌خۆیی گه‌ییشتوون هه‌مووی له سایه‌ی مشوور، ئازایه‌تی، ژیری و یه‌كگرتوویی خۆیانه‌وه بووبێت. هیچ کام له‌و گه‌لانه‌ی به سه‌ربه‌خۆیی گه‌ییشتوون نه هێنده‌ی کورد قه‌ڵاچۆ کراون و نه هێنده‌ی کوردیش خه‌باتیان کردوه. به‌ڵام به سه‌ربه‌خۆیی گه‌ییشتنی زۆربه‌ی ئه‌و گه‌لانه له سایه‌ی ڕێککه‌وتنی زلهێزه‌کان (نموونه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست) یان له چوارچێوه‌ی ڕه‌وتێکی گشتیی لێکترازانی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌کان و به سه‌ربه‌خۆیی گه‌ییشتنی گه‌لانی ناو ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وانه بووه (نموونه‌کانی ڕزگاری له ئیستعمار و له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانی فیدراسیۆنه‌کانی خۆرهەڵات له نیوه‌ی دوه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا). ئه‌وه‌نده تروسکایییه‌ش، که دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی به په‌یمانی سیڤەر بۆ کورد یان باشتره بڵێم بۆ به‌شێك له کورد ده‌رکه‌وت به هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی، که ئێستاش له جێی خۆیه‌تی کوژایه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یە، که کورد نه ئەوکات و نه دوای ئەوکاتێش هەرگیز خاوه‌نی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناسیۆنالیستیی ئه‌وه‌نده به‌هێز، یه‌کده‌ست و تۆکمه نه‌بووه، که یه‌كگرتوانه و به بێ دوودڵی ستراتژیی سه‌ربه‌خۆیی بگرێته به‌ر و له ژیۆپۆلەتیکی هه‌ستیار و چاو له سه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌دا، که کوردستانی لێ هه‌ڵکه‌وتوه و له ناو ڕکابه‌ریی زلهێزه‌كاندا به جۆرێك به‌ڕه‌ی خۆی له ئاو بێنێته ده‌ر، که بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی دژمنکاریی ده‌وڵه‌تانی دەسەڵاتدار به سه‌ر کوردستاندا پشتیوانی و هاوڕێگایی زلهێزه‌کان یان زلهێزێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. به‌و پێیه‌ی هه‌م هۆکاری نێوده‌وڵه‌تی هانابه‌خش نه‌بووه و هه‌م خه‌تای کورد خۆشییەتی، که هه‌میشه پارچه پارچه بووه و ئینتمای بچووک و عەقڵییەتی خێڵه‌کی و میرنشینی به سه‌ریدا زاڵ بووه.
هه‌موو ئه‌و قسانه بۆ ئه‌مڕۆش ڕاستن، ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه، که ئه‌مڕۆ به داخه‌وه چاوچنۆکیی یاسای نێوده‌وڵه‌تیش له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تێکدانی سنووره‌کانیشی پێوه زیاد بووه. دیاره هه‌م له‌م بواره‌دا و هه‌م له بواری مافه‌كانیدا که‌متر له سه‌ربه‌خۆییدا ئه‌مڕۆ له یاسا و پێوه‌ندییه نێونهتهوهیییهکاندا ده‌رفه‌ت و زه‌رفیه‌ت بۆ گه‌لانی ژێرده‌سته له جاران زیاتره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کورد مشوورێک له هۆکارە ناوخۆیییه‌که‌ی نه‌خوات و چاکی نه‌کات به دووری ده‌زانم ته‌نانه‌ت بۆ مافه‌كانی که‌متر له سه‌ربه‌خۆییش هۆکاری ده‌ره‌کی به هانای کورده‌وه بێت.
ئێستا ئایا کورد ده‌بێ چی بکات و به کوێ ده‌گات، من پێم وایه کورد به خه‌یاڵ، دروشم، بانگه‌شه و دابه‌شبوون به هیچ کوێ ناگات. به‌ڵکوو ده‌بێت له چوارچێوه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا چینی سیاسی وێڕای گوێگرتن له کۆمه‌ڵگا ڕاستگۆیانه و شێلگیرانه پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شی ستراتژی دابڕێژێته‌وه، که هه‌موو گروپ و تاكێکی کورد و گشت فره‌چه‌شنییه‌كانی ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری خۆی تێدا ببیننه‌وه و خه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی گه‌ل بخاته پێش قازانج و خولیا تایبه‌تییه‌كان. پڕۆژه‌یه‌ک، که هه‌ر به قسه نه‌بێت، به‌ڵکوو به هه‌نگاوی ورد و ڕوانگه‌ی درێژمه‌ودا ته‌نرابێت و به کرده‌وه کار له سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و رۆئیای سیاسی، ژێرخانسازیی فه‌رهه‌نگی، به‌رپرسیارکردنی چینی سیاسی، دروستکردنی بنیاته‌کانی ده‌وڵه‌تداری، کۆنتڕۆڵی خاک و سه‌رچاوه‌کان، خۆبژیویی ئابووری، په‌روه‌رده‌ی کادری پسپۆڕ، دروستکردنی هێزی پۆشته و یه‌کگرتووی سه‌ربازی، ڕاکێشانی سه‌رنج و لۆبیی نێونه‌ته‌وه‌یی و زۆر شتی تر بکات. هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانیش ده‌بێ بۆ خۆی ئەجێندای خه‌باتی خۆی بباته پێش و نابێت هێزی هیچ پارچه‌یه‌ک ده‌ست له کاروباری پارچه‌یه‌کی تر وه‌ربدا، به‌ڵام وێڕای مامەڵەی ژیرانه و واقعبینانه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ واقیعی حاڵ، ده‌كرێ و ده‌بێ هه‌موو پارچه‌کان له سه‌ر هەندێك پره‌نسیپی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پێوه‌ندیی نێوانیان و بردنه پێشی کۆی پرسی کورد له ئاستی جیهانیدا ڕێکبکه‌ون و کاری پێ بکه‌ن.
* دوو ئەزموونى (باشورى كوردستان) دواى (ڕووخانى ديوارى بەرلين- 1989) و (ئەزموونى خۆرئاواى كوردستان) بە دواى (ڕووداوەكانى بەهارى عەرەبى-2011) دروستبوون و تا ئێستاش پشتيوانى ئەمريكا و ئەورروپايان هەيە، ئەم دوو ئەزموونە (جيا لەوەى هەڵگرى ڕەخنەى زۆر و گلەيی ناوخۆيى و دەرەكين) دەتوانن، وەكوو هەنگاوێك بۆ تەواوكردنى (سيڤەر) و كۆتايى (لۆزان) چاوى لێ بكرێت بە ئاكام بگەن؟ بۆچى ئەم دوو ئەزموونە لە (خۆرهەڵاتى كوردستان) و (باكورى كوردستان) دروست نەبوون؟
- هه‌ر دوو ئه‌زموونی باشوور و خۆرئاوای کوردستان به هه‌موو کهموکوڕییهكانیانهوه له مه‌ودای مێژوویی بوونییەتی نه‌ته‌وه‌ی کورددا ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ن و ده‌بێت به هه‌موو نرخێک بپارێزرێن، چونکه نابێت پێمان وا نه‌بێت، که ئه‌و قه‌وارانه هه‌تا سه‌ر بۆ کورد گه‌ره‌نتی کراون؛ ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و دوو ئه‌زموونه زۆر وریا، یه‌كگرتوو و به‌رپرسیارانه نه‌جوڵێنه‌وه، ده‌کرێ هه‌ر دووکیان به شه‌و و ڕۆژێک له ده‌ست بچنه‌وه. با له‌گه‌ڵ خۆشمان ڕاستگۆ بین پشتیوانیی ئەورووپا و ئه‌مریکا له‌و دوو ئه‌زموونه شتێکی ڕەها نییه.
ئه‌و پشتیوانییه له ئه‌زموونی خۆرئاوای کوردستان هێشتا له‌رزۆکه و به کۆمه‌ڵێك پێوانەی ته‌ناهییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، که ده‌كرێ گۆڕانیان به سه‌ردا بێ. له باشووریش ئه‌و پشتیوانییه بۆ هه‌موو شتێک نییه و له بەرانبەردا ئه‌وانیش چاوه‌ڕوانیی یه‌کێتی و حوکمڕانیی دروستیان له کوردی باشوور هه‌یه. ناتوانین هیچ کام له‌و دوو ئه‌زموونه‌ش نه به جێبه‌جێکردنی په‌یمانی سیڤەر و نه به کۆتایی هێنان به په‌یمانی لۆزان له قه‌ڵه‌م بده‌ین. به‌ڵکوو ده‌كرێ بڵێین، که به فەرمی ناسین و جێکه‌وتنی ئه‌و دوو ئه‌زموونه تا ڕاده‌یه‌ک جێبه‌جێنه‌کردنی "سیڤەر" قه‌ره‌بوو ده‌کاته‌وه یا له ده‌ره‌نجامه‌کانی "لۆزان" که‌م ده‌کاته‌وه.
ئێستا ئایا بۆچی ئه‌زموونی له‌و جۆره‌مان تا ئێستا له باکووری کوردستان و له خۆرهەڵاتی کوردستان نه‌دیتوه، هۆیه‌که‌ی بۆ ئه‌و شته ده‌گه‌ڕێته‌وه، که دوکتور قاسملوو به واقعییه‌تی ئۆبژێکتیڤ ناوی ده‌برد. به داخه‌وه دابه‌شبوونی کوردستان واقعیه‌تێکی ئۆبژێکتیڤ یان باشتره بڵێم چوار واقعیه‌تی ئۆبژێکتیڤی دروست کردوه. واته هه‌ر چه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندی و ویست و ئاره‌زووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد یه‌كانگیر و لێک نزیک بێت، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له ناو جه‌غزی لانیکه‌م چوار دانه چوارچێوه‌ی سیاسی- یاسا و چوار دانه پانتاییی مێژوویی-کولتوری و چوار به‌ستێنی ژیۆپۆلیتیک و کار و کاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا مه‌ڵاس دراوه. هه‌ڵکه‌وت و هه‌لومه‌رجی باکوور و خۆرهەڵاتی کوردستان، هه‌م له نێوان خۆیاندا و هه‌م له‌گه‌ڵ باشوور و خۆرئاوای کوردستان جیاوازن. کورد له هه‌ر کام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا، که به سه‌ریدا دابه‌ش بووه له ڕووی گرێدراویی مێژوویی و هاوکێشه‌ی دێموگرافیی نێوان خۆی و باقیی خه‌ڵکی وڵات و له ڕووی پاشخان و کولتووری سیاسی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی سیستمی دەسەڵاتدار له وڵاته‌که‌دا له دۆخێکی جیاوازدایه، ته‌نانه‌ت هیچ هاوشێوه‌یییه‌ک له‌و باره‌وه له نێوان خۆرئاوا و باشووریشدا نییه. هه‌ر به‌شێکی کوردستان له شتێکدا تایبەتمەندیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. بۆ نموونه کوردی خۆرئاوا کێشه‌ی وای هەیە، که کوردی هیچ پارچه‌یه‌کی تر نییه‌تی، بۆ نموونه بێ ناسنامه‌یی و ناپه‌یوه‌سته‌یی جوگرافیایی. کوردی خۆرهەڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وەی که دووهه‌مین پارچه‌ی گه‌وره‌ی کوردستانه، که‌چی له‌و باره‌یەوه دۆخی له کوردی پارچه‌کانی تر سه‌ختتره که ئه‌و دوالیزم (دوانه‌یی)یه‌ی له نێوان کورد و تورک له تورکیا یان له نێوان کورد و عه‌ره‌ب له عیراق و سوریا هه‌یه و وای کردوه شێوەی بابەتەکە له‌و وڵاتانه‌دا ساده‌تر بێت، له ئێران له نێوان کورد و فارس‌دا نییه و مۆزایکه‌که له ئێران‌دا زۆر ئاڵۆزتره و ده‌وڵه‌تی ئێرانیش پشت به پاشخانێکی پته‌وتر و به ڕابردووتری ده‌وڵه‌تداریی پشتبه‌ستوو به ناسنامه‌ی ئێتنیکی-مه‌زهه‌بی ده‌به‌ستێ.
بۆ باشووری کوردستان ده‌توانین باسی ئه‌و پاشخانه ئیستعمارییه‌ی عیراق و ئه‌و هه‌موو هه‌ل و ده‌رفه‌ته سیاسییه یه‌ک له دوای یه‌کانه بکه‌ین، که له‌و وڵاته‌دا بۆ کورد هاتوەته پێش. هه‌ر چی باکووری کوردستانیشه، ناتوانین حاشا له‌وه بکه‌ین، که سیستمی نیمچه کراوه‌ی تورکیا و تێکه‌ڵاوییه نیهادییه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆرئاوا و ئەرووپا هه‌میشه کۆمه‌ڵێك زه‌رفیه‌تیشی بۆ کوردی باکوور دروست کردوه.
که‌وابوو ئه‌وەی که ئه‌زموونی باشوور و خۆرئاوا له خۆرهەڵات و باکوور دروست نه‌بوون، پێوه‌ندیی به‌و تایبه‌تمه‌ندییه ناوخۆیی و ژیۆپۆلەتیکانه و به‌و ده‌رفه‌تانه‌وه هه‌یه، که له کات و ساتێکدا بۆ پارچه‌یه‌کی کوردستان دێنه پێش. ئێوه چاو لێ بکه‌ن، هه‌تا "به‌هاری عه‌ره‌بی" کورده‌کانی خۆرئاوا له ڕووی خه‌بات و ڕێکخستنه‌وه له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان له دواتر بوون و ئێستاش نه‌بوونەتە خاوه‌نی کارزارێکی خه‌باتگێڕی، که پاشکۆی هێزی پارچه‌یه‌کی تری کوردستان نه‌بێت، که‌چی له پڕ ده‌رفه‌تێکی ناوخۆیی به نێونه‌ته‌وه‌ییکراو (لە پێشدا شه‌ڕی ناوخۆییی سوریا و ئینجا "داعش")یان بۆ هاته پێش، که قۆستیانه‌وه و له سایه‌ی ئازایه‌تیی خۆیان و هانابه‌خشبوونی هه‌لومه‌رجه‌که توانیان مۆدێلێکی تایبه‌ت له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دابمه‌زرێنن و سه‌رنجی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
له بەرانبەردا باکوور ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستانه، که له سی ساڵی ڕابردوودا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین هێزی دیاسپۆرا و له ڕووی سه‌ربازییه‌وه ههڵسووڕێنەرترین لایه‌نه (په‌که‌که)، ئه‌وه جیا له خه‌باتی مەدەنی، که ئه‌و بواره‌ی بۆ کوردی باکوور هه‌بووه، کوردی هیچ پارچه‌یه‌کی تر نه‌یبووه. له‌و لاشه‌وه، خۆرهەڵات ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستانه، که زۆرترین هێمای بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد داهێناوه و له هه‌ر پارچه‌یه‌کی تریش کوردستانیش زیاتر یه‌کانگیری و گرێدراویی له نێوان خه‌ڵک و حیزبه‌کاندا تێدا ده‌بینرێت. که‌چی هه‌م تورکیا و هه‌م ئێران، هه‌ر کامه‌یان به شێوه‌ی خۆی، جیا له‌وەی که هه‌ر دووکیان پاڵیان بە پاشخانی سه‌دان ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تداریی عوسمانی و سه‌فه‌وییەوە داوه، له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یانهێشتوه هەژموونی سه‌ربازییان به سه‌ر کۆی وڵات به تایبه‌تی به سه‌ر کوردستاندا له ناو بچێت. هۆیه‌که‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که حوکوومەتهکانی هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته ڕیسک و موغامه‌ره‌ی له چه‌شنی داگیرکردنی کوه‌یت له لایه‌ن سه‌دام حوسێنیان نه‌کردوه هه‌تا هه‌موو دنیا له خۆیان بکه‌نه دژمن و به‌م جۆره کاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌که ده‌رفه‌ت بۆ کوردیش بڕه‌خسێنێ.
ئه‌گه‌ر شتی له‌و بابه‌ته‌شیان کردبێت په‌رشوبڵاو و که‌متر به‌رچاو بووه و له سه‌رده‌مێکیشدا بووه، که ئیتر دنیای یه‌کجه‌مسه‌ریی پاش کۆتایی شه‌ڕی سارد کۆتایی هاتوه و بوار بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (وه‌ک ئه‌وه‌ی له دژی ڕژێمی سه‌دام کرا) نه‌ماوه. ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م، که له ته‌واوی ئه‌و سەردەمانەدا، که بەڕێزت مه‌به‌ستته نه له ئێران و نه له تورکیا شۆڕش، کوده‌تا یان ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی سیاسی‌دا ڕووی نه‌داوه هه‌تا کوردی باکوور و خۆرهەڵات به قازانجی خۆیان بیقۆزنه‌وه. ئه‌وه جیا له هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا له ناوچه‌کە و جیهاندا ڕوویان داوه و به تایبه‌تی له خۆرهەڵات زۆربه‌ی به زیانی کوردی ئه‌و پارچه‌یه ته‌واو بووه. ئه‌و قسانه بۆ پاکانه‌کردن بۆ که‌موکوڕی و که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی خۆمان نییه، به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ بڵێم، کاتێک نه‌ته‌وه‌یه‌ک پارچه پارچه کرا، هه‌میشه هۆکاری ژیۆپۆلەتیک و هه‌لومه‌رج، که له ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئەودایە قسه‌ی یه‌که‌م ده‌کا.
* بە دواى كۆمارى كوردستان (1946-كۆمارى قازى محەمەد) لە خۆرهەڵات، بەردەوام خەباتى ئەم پارچەيە ڕووبەڕووى شكست و هەڵدێران بووەتەوە (جيا لە سەردەمی شۆڕشى گەلانى ئێران- (1979) دەسەڵاتى ناوخۆییی حيزبى ديموكرات و كۆمەڵە) لە كوێ دەكرا، هەلەكان بقۆزرێتەوە بۆ ديفاكتۆى خۆرهەڵات و نەكرا، نەدەكرا (1979-خۆبەڕێوەبەرى خۆرهەڵات) لە دەست نەچێ؟
- ناکرێ جگه له‌و دوو سەردەمەی ئاماژه‌ت پێ کردوه، خه‌باتی هه‌شت ده‌یه‌ی ڕابردووی کوردی خۆرهەڵات ته‌نیا له شکست و هه‌ڵدێراندا کورت بکه‌ینه‌وه. ڕاسته، که بزوتنه‌وه‌ی کورد له خۆرهەڵات به ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی نه‌گه‌ییشتوه و له به‌شی زۆری ئه‌و ماوه‌یه‌دا زۆر هۆکار چوونەتە پاڵ یەک هه‌تا مه‌یدانی مانۆڕی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌ر چەند دەکرێت به‌رته‌سکتر ببێته‌وه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له به‌رچاو بێت، که له‌و لاشه‌وه نه ڕژێمی کۆماری ئیسلامی به ئامانجی خۆی بۆ هێنانه سه‌ر چۆکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان گه‌ییشتوه و نه ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت خۆرهەڵاتی کوردستان په‌راوێز بخه‌ن یان بیکه‌نه پاشکۆی ئەجێندای خۆیان له‌و هه‌وڵه‌یاندا سه‌رکه‌وتووبوون. به پێچه‌وانه‌وه، گوڕوتین و ڕووبه‌ری جوگرافیاییی هۆشیاریی سیاسی و هۆگریی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی کوردی خۆرهەڵات هه‌ر هاتوه و زیاتر بووه. هه‌م کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هه‌م پارته سیاسییه‌کانیشی به ئاستێکی باش له پوختبوونه‌وه‌ی گوتاری و ئیعتباری سیاسی و پۆتانسیه‌لی خه‌باتگێڕی گه‌ییشتوون. من هه‌موو ئه‌مانه به ده‌ستکه‌وت یان بنیاته‌کانی سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر ده‌زانم. خۆ سه‌رکه‌وتن هه‌ر "هارد پاوه‌ر" نییه، ده‌بێ "سۆفت پاوه‌ر"یش ببینین.
ئێستا ئایا بۆچی پاش شۆڕشی (1979) دیفاکتۆی خۆرهەڵات دروست نه‌بوو یان به وتەی بەڕێزت بۆچی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی خۆرهەڵات خۆی نه‌گرت، له پێشدا پێویسته بڵێین، که له دوای شۆڕش ئه‌گه‌ر چی حیزبه سیاسییه‌کانی خۆرهەڵات به تایبه‌تی حیزبی دیموکرات ده‌ستیان دایه زۆر کار، که ئه‌رکی حوکوومەتێك بوون و هه‌وڵیاندا بنه‌ماکانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ک له خۆرهەڵات دابمه‌زرێنن (دیاره ئەو کاتە پێیان نه‌ده‌گوت خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و به ئه‌ده‌بیاتی ئەو کاتە خودگه‌ردانی ئه‌و شته بوو، که کورد پێی ڕازی نه‌بوو!)، به‌ڵام کوردی خۆرهەڵات پێ ڕانه‌گه‌ییشت وه‌ها خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ك دروست بکات و ڕایبگه‌یه‌نێت، چونکه جارێ ده‌بوو مامەڵە له‌گه‌ڵ پشێوی و بۆشاییی ده‌سه‌ڵات بکات و له‌وه‌ش خراپتر زۆر زوو پیلانگێڕی و هێرشی تاران له دژی کوردستان ده‌ستی پێ کرده‌وه. هه‌ر بۆیه دروستتره له جیاتی پێکنه‌هاتنی قه‌واره، باسی له ده‌ستدانه‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی خاک له‌و کاته‌دا بکه‌ین.
هەندێک هۆکاری پێکهاته‌یی هه‌ن، که له وڵامی پرسیاری پێشوودا باسم کردن. هەندێک هۆکاری قۆناغییش هه‌ن، که شیاوی ئاماژه پێکردنن. پێش هه‌موو شتێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی ڕزگاریی باشووری کوردستان له ساڵی (1991)، که پاش دوو بڕگه‌ی دوورودرێژی خه‌بات و مه‌یدانداریی هێزه‌کانی ئه‌و پارچه‌یه و ململانێی سیاسی و چه‌کداری و مشتومڕیان له‌گه‌ڵ حوکوومەت و له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه هاتبووه پێش، پێش شۆڕشی (1357) له‌گه‌ڵ ئه‌وەی که حیزبی دیموکراتی کوردستان له دوای رووخانی کۆماری کوردستانه‌وه هه‌رگیز وازی له خه‌بات و خۆڕاگری نه‌هێنابوو، به‌ڵام له هیچ کام له به‌ستێن و مه‌یدانه‌کانی خه‌باتدا خاوه‌نی ئه‌و که‌ره‌سته مادی و مینۆکییانە، ئه‌و پۆتانسێڵە سیاسی و خه‌باتگێڕییه و ئه‌و بوار و ئه‌زموونه له تێکۆشان نه‌بوو، که له دوای شۆڕشەوە بۆی ڕه‌خسا.
کوردی خۆرهەڵات له کاتی شۆڕشی (1357)دا ئه‌گه‌ر چی زۆر ئازایانه به‌شداریی گۆڕانه‌که‌ی کرد، به‌ڵام خۆی بۆ ئامادە نه‌کردبوو و به گوزارشتی ڕێبه‌رانی ئه‌و کاتەی حیزبی دیموکرات ڕژێمی شایان به سه‌ردا ڕووخا. ئه‌و توێژه‌ش له نه‌یارانی ڕژێم، که باشتر خۆیان بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته ئاماده کردبوو و ده‌رفه‌ته‌که‌یان بۆ خۆیان قۆسته‌وه واته خومه‌ینی و هه‌ڤاڵانی به زۆر هۆکار، که ده‌یزانین له ناو کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا جێگهوپێگهیهکی وان به نسیب بوو، که زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی کۆمه‌ڵگای ئێران ناچار بوو پشتیوانیی خۆی له ناوبراو ڕابگه‌یه‌نێت. هەژموونی ڕێبه‌ری نوێی ئێران له بواری ئایدیۆلۆژی و به ئیسلامی کراوی ئه‌وسادا به جۆرێک بوو، که ته‌نانه‌ت کورده‌کانیش له سه‌ره‌تادا ناچار بوون هەندێک ئاماژەی نیهتباشانهی بۆ بنێرن.
ده‌شزانین، که کاربه‌ده‌ستانی تازه‌ی تاران چه‌نده نادیموکرات و دژه کورد بوون و ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاوی بیروڕای گشتیی ئێرانیشان له‌و کاته‌دا لە دژی کورد هاندا. له‌وه‌ش خراپتر، له‌و شوێنه‌دا، که به هۆی سنوورداریی مه‌یدانی، سه‌ربازی و ده‌ستڕانه‌گه‌ییشتن به دنیای ده‌ره‌وه کوردی خۆرهەڵات ده‌ره‌قه‌تی شاڵاوی ڕژێمی نوێ نه‌ده‌هات و له ڕووی سیاسیشه‌وه خه‌ریکبوو له کایه‌ی سیاسیی ئێران‌دا به ته‌نیا ده‌مایه‌وه (ئه‌گه‌ر لایه‌نگه‌لێکی ئۆپۆزیسیۆنیش هاوسۆزییان له‌گه‌ڵ نیشان دابێت، ئه‌و لایه‌نانه بۆ خۆیان ئاواره‌ی کوردستان ببوون)، ڕاست له‌و کاته‌دا فره‌یی له کۆمه‌ڵگای سیاسیی خۆرهەڵاتدا سه‌ری هه‌ڵدا و ئه‌و فره‌یییه له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێ به ده‌رفه‌تێک بۆ فراوانکردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ری خه‌بات و قوڵکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌کانی خۆڕاگری، بوو به به‌ستێنێک بۆ ڕوانین و ئاقاری جیاواز و نارێکی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی براکوژی. هۆکارێکی گرینگی تر کشوماتییه‌ک بوو، که به سه‌ر دنیای دوو جه‌مسه‌ریی ئه‌و کاتەدا زاڵ بوو که وای ده‌کرد، که ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک له لای یه‌کێک له‌و دوو جه‌مسه‌رانه کڕیاری نه‌بووایە، ده‌نگی نه‌ده‌گه‌ییشته هیچ کوێ و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆی گرینگ نه‌بوو. له‌وه‌ش بگه‌ڕێین، که ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی ئێران و عێراق به ماوه‌یه‌کی که‌م پاش شۆڕشی ئێران ئه‌گه‌ر چی بواری بۆ جوڵانەوەی بزوتنه‌وه‌ی کورد له خۆرهەڵاتیش و له باشووریش دروست کرد، به‌ڵام هاوکات هه‌موو شتێکیشی هه‌م له ئاستی ناوخۆیی و هه‌م له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا خسته ژێر باڵی خۆی.
* شۆڕشى (ژينا-2022) وا چاوى لێ كرا، كە ڕەنگە بتوانێ ئەزموونى سێيەم لە خۆرهەڵاتى كوردستان بكاتە ديفاكتۆ، بەڵام نەكرا؟ نەبوو؟ بە بۆچوونى تۆ بریکاری بنەڕەتی هۆکاری ناوخۆيى ئامادە نەبوو يان دەرەكى پشتيوان نەبوو؟ يان هێزە سياسييەكان وەڵامگۆی ئەو ڕووداوە گەورەيە نەبوون، بۆچى بە ئاكام نەگەیيشت؟
- شۆڕشی ژینا ئه‌گه‌ر چی ئێستا له فازی داکشان و دامرکانه‌وه‌دایه، به‌ڵام کۆتایی نه‌هاتوه و ده‌كرێت له ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌یه‌کی تردا به گوڕوتینی زیاتریشه‌وه سه‌ر ههڵدەداتهوه و کوردی خۆرهەڵاتیش به ئه‌زموون وه‌رگرتن له که‌مایه‌سییه‌کانی قۆناغی پێشوو بیکاته هه‌لێک بۆ دروستکردنی ئه‌و دیفاکتۆیه‌ی باسی ده‌که‌یت. کێشه‌که ئه‌وه‌یه کاتێك تۆ ده‌ڵێی دیفاکتۆ، مانای ئه‌وه‌یه دۆخێکی واقع دروست ده‌که‌ین، که له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی "یاسا"دایه و نه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و نه کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به فەرمی دانی پێدا نانێن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دیفاکتۆت هه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی دۆخی ئاراییی (ستاتوکۆس)ت گۆڕی، ده‌بێت یان بۆ خۆت له سه‌ر عه‌رزی واقیعی تازه ئه‌وه‌نده به هێز بیت، یان ده‌وڵه‌تی ناوەندی ئه‌وه‌نده فاشل و لاواز بێت یان کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی لانی که‌م زلهێزێك ئه‌وه‌نده پشتت بگرێ، که پێش به په‌لاماردانه‌وه‌ی خاکهكهت و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دیفاکتۆیه‌که بگیرێ.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چاو له دیفاکتۆی باشووری کوردستان له (1991 تا 2003) بکه‌ین، ڕاسته قه‌واره‌ی باشوور نه له لایه‌ن حوکوومەتی سه‌دام و نه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به فەرمی نه‌ناسرابوو، به‌ڵام به‌شێك له هاوپه‌یمانانی شه‌ڕی دوه‌می که‌نداو (ئه‌مریکا و بەریتانیا) له سه‌ر بنه‌مای بڕیارنامه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، که تازه باسی شتی واشی نه‌کردبوو، ناوچه‌ی دژه فڕینیان بۆ کورد له عێراق دروست کردبوو و ئه‌وه ده‌رفه‌تی به کوردی باشووردا، که هه‌ر چۆنێک بێ قه‌واره‌یه‌ک بۆ خۆی بنیات بنێت و ورده ورده بچێته ناو مامەڵەی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه.
کێشه‌که له خۆرهەڵاتی کوردستان و به تایبه‌تی له‌م شۆڕشه‌ی ژینادا ئه‌وه بوو، که به هه‌موو گوڕوتین و ئیراده‌یه‌که‌وه، که له خه‌ڵكدا ده‌بینرا و به هه‌موو دۆشداماوییهك، که له سه‌ره‌تاکانی ئه‌و شۆڕشه‌دا ڕژێمدا به‌دی ده‌کرا، پێویستییه هەنووکەیییەکانی گۆڕانی دۆخی ئارایی و هیچ کام له‌و سێ مه‌رجه‌ی سه‌ره‌وه بۆ پاراستنی دیفاکتۆ له به‌رده‌ستدا نه‌بوون یا لانی که‌م نادیار بوون. بۆ دیارکردنی ئه‌و سیناریۆیەیە حیزبه‌کانی خۆرهەڵات ده‌بوو ڕیسکی جوڵه‌ی سه‌ربازی بکه‌ن، که نه‌یانکرد. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو، که ئه‌وان له سه‌ره‌تاکانی ئه‌و شۆڕشه‌دا به‌ره‌و ڕووی دیله‌ما (هه‌ڵبژاردنێكی سه‌خت) ببوونه‌وه، که ده‌بوو به پێوه‌ری به‌ها و لێپرسینەوە، وەڵامی بده‌نه‌وه. دیله‌ماکه‌ش ئه‌وه بوو، که له کاتێكدا به شێوه‌یه‌کی بێ وێنه نه‌ک هه‌ر له ناو خه‌ڵکی کوردستاندا (که ئه‌وه هه‌میشه که‌م و زۆر هه‌بووه)، به‌ڵکوو له سه‌رتاسه‌ری ئێرانیشدا بۆ ماوه‌یه‌ک جێگەوپێگهیهکی سیاسی‌یان بۆ دروست بوو و قسه‌یان له ناو خه‌ڵکدا ده‌ڕۆیشت، چاوه‌ڕوانیی جوڵه‌ی چه‌کدارانه‌شیان له سه‌ر دروست بوو. به‌ڵام ئه‌وان له کاتێكدا له سه‌ره‌تادا ده‌یانتوانی جوڵه‌ی وا بکه‌ن، که ئاکامه‌که‌ی ئازادکردنی هەندێک به‌شی خۆرهەڵات بێت، ئه‌و کاره‌یان نه‌کرد.
هۆیه‌كه‌شی به‌ده‌ر له په‌ڕوباڵ به‌سترانی حیزبه‌کانمان له باشوور ئه‌وه بوو، که حیزبه‌کانی خۆرهەڵات ده‌رگیری دوو مه‌یدان ببوون به دوو چاوه‌ڕوانیی دژیه‌که‌وه. ئه‌و جێگەوپێگه سیاسییه‌ی له ئاستی ئێران‌دا (که بژارده باڵاده‌سته‌كه‌ی لایه‌نگری شه‌ڕ و له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانی وڵات نییه) بۆ حیزبه‌کانمان دروست ببوو به‌شێكی ڕاست له‌به‌ر به وتەی هه‌ڵوێستی به‌رپرسیارانه‌یان له ئاست دۆخه‌كه‌دا و خۆبواردنیان له هه‌نگاوی چه‌كدارانه بوو، به‌ڵام له کوردستان، که چل و چه‌ند ساڵه ڕژێم شه‌ڕی پێ ده‌فرۆشێی و میلله‌ته‌كه بیر له چاره‌نووسی جیاوازی خۆی ده‌كاته‌وه، لانی که‌م به‌شێک له خه‌ڵک چاوه‌ڕوانیی جوڵه‌ی سەربازی و کرده‌وه‌ی شۆڕشگێڕیی له حیزبه‌كان ده‌كرد. له کۆتاییدا حیزبه‌كانمان له پێناو به‌رده‌وامیی له مه‌یداندا مانه‌وه‌ی خه‌ڵک و پاراستنی یه‌كگرتوویی نێوان خه‌ڵکی ئێران و کوردستان و ده‌رفه‌ت نه‌دان به ڕژێم بۆ قه‌ڵاچۆی به‌ربڵاو و دابڕاندن و ته‌ریک کردنه‌وه‌ی کوردستان هه‌ر له به‌ستێنه سیاسییه‌كه‌دا مانه‌وه و ده‌ستیان نه‌دایه وه‌ها جوڵه‌یه‌ک.
هۆیه‌کی تریشی ئه‌وه بوو، که به‌هۆی یه‌كده‌ست نه‌بوونی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی دنیای ده‌ره‌وه (ته‌نانه‌ت له ناو خۆرئاوایییهكاندا) و شێلگیر نه‌بوونی کردارییان له بەرانبەر سه‌رکوتی خه‌ڵك له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی‌دا هیچ تروسکایییهک نه‌ده‌بینرا بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین، که ئه‌وه‌ی خۆرئاوا له پاش هه‌ستانی به‌هاری (1991) ی باشووری کوردستان به دژی ڕژێمی به‌عس بۆ کوردی کرد، له ئه‌گه‌ری هه‌ستانی خه‌ڵک له خۆرهەڵات و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی شاڵاوی ڕژێم و کاره‌ساتی مرۆیی و کۆڕه‌و بۆ کوردی خۆرهەڵاتیشی بکات. ئه‌وه به‌ده‌ر له‌و واقعییه‌ته تاڵه، که هێزه‌کانی خۆرهەڵات نه له ڕووی گوتاری و سیاسییه‌وه و نه له ڕووی مه‌یدانییه‌وه ئه‌و کاتیش هه‌ر وه‌ک ئێستا ئه‌وه‌نده تۆکمه و یه‌كگرتوو نه‌بوون، که بۆ سیناریۆیه‌كی ئاوا پێویسته.
* زۆر باس لە يەكگرتوویی هێزە كوردییەكانى خۆرهەڵات دەكرا و دەكرێت، بەڵام هەرگيز نەچووە بوارى عەمەلييەوە، بە تايبەتى لە بارودۆخێکی بابەتى (مەوزوعى)، وەكوو شۆڕشى (ژينا)، كە دەكرا هاوكێشەكەى بە قازانجى كورد بگۆڕدرايە، هۆکاری ئەم نا يەكگرتوویييە چييە؟ بۆچى (بەرەيەكى كوردستانى، پلاتفۆڕمێكى هاوبەش و سوپايەكى نيشتمانى) دروست ناكەن؟
-دیاره یه‌كگرتوویی یان باشتره بڵێم ته‌بایی نێوان هێزه‌کانی خۆرهەڵات ئه‌مڕۆ زۆر له ڕابردوو باشتره. ئێستا به خۆشییه‌وه هه‌م لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کانی ڕابردووی نێوان ئه‌و هێزانه هه‌ڵدراونه‌وه (هه‌ر چه‌ندە ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا له ناو کۆمه‌ڵه‌دا ڕووی دا به من ده‌ڵێ، که ئه‌گه‌ر زیانناسی و فه‌رهه‌نگسازی نه‌كه‌ین و میکانیزمی چاوه‌دێری و گه‌ره‌نتیمان نه‌بێت، ده‌کرێ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ک دووباره دەبێته‌وه)، هه‌م کۆدەنگییەکی سیاسیی به‌رفراوانتر له‌باری لە پێشینەیی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له ناو هێزه سیاسییه‌کانی خۆرهەڵاتدا هه‌یه، هه‌م هەندێک ئامرازی کار یا لانی که‌م سیاسه‌تی هاوبه‌شیشمان وه‌ک ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران هه‌یه.
به‌ڵام با له‌گه‌ڵ خۆمان ڕاستگۆ بین. ئه‌و بڕه له ته‌بایی حیزبه‌كانمان له‌چاو چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵک، ده‌رفه‌ت، مه‌ترسی و ئاڵه‌نگارییه‌کانی هه‌لومه‌رجه‌که هه‌ر به ڕاستی که‌مه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هیچ نییه. ئێستا ئایا بۆچی یه‌كگرتووییی هێزه‌کانمان له‌و ئاسته‌دا نییه، که ده‌بێت ببێت، ئه‌مه‌ش زۆر هۆی هه‌یه. به باوه‌ڕی من گرینگ‌ترین هۆ نه‌بوونی جیهانبینی و ڕوانگەیەکی سیاسیی پوخت و هاوبه‌شه، به‌و مانایه، که ئێمه هێشتا نه‌مانتوانیوه پێکه‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ڕابردوو و خانهتهکانییهكانی به‌ها، ئاواته‌کان و لە پێشیینەیییەکی ئامانج و ئایدیاڵەکان و سه‌نتێزێکی کارای مێتۆده‌کانی خه‌بات بکه‌ین. ئه‌گه‌ر هه‌وڵیشمان بۆ دابێت، که زۆر که‌م ئه‌و هه‌وڵه دراوه، ئه‌و بڕه له تێگه‌ییشتنی هاوبه‌ش، که پێی گه‌ییشتبین نه ته‌دوین کراوه و نه وەرگێڕدراوە بۆ ڕێكار و که‌ره‌سته‌ی هاوبه‌شی خه‌بات له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی سیاسی، ستراتیژی، جه‌ماوه‌ری، دیپلۆماسی، پێشمه‌رگه، میدیایی و ..هتددا.
هۆکارێکی تر عەقڵییەتی ڕکابه‌ری و تاکڕه‌وی نه‌ک هه‌ر له نێوان حیزبه‌کاندا، به‌ڵكوو له نێوان که‌سه‌کان و سه‌رکرده‌کانیشدایه. ئه‌مه‌ش زۆر جار نه‌ك ته‌نیا ده‌سپێشخه‌ریی به جیا و تاکڕه‌وانه و لاواز بوونی کۆدەنگیی هاوبه‌ش، به‌ڵکوو به‌ستراوه‌یی و دابه‌شبوون به سه‌ر جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی کورد و پاشکۆیه‌تیی ئێرانییه‌کانیشی لێ ده‌که‌وێته‌وه. پاشان له جیاتی ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی پلانمه‌ند و بیر لێ کراوه و ئه‌مڕۆیی کار له سه‌ر فۆرمووله کردنی گوتاری سیاسی، یه‌كخستن و تۆکمهكردنی که‌ره‌سته‌ی فره‌چه‌شنی خه‌بات بکه‌ین و تۆڕێكی به‌هێز و کارا له هێزی جه‌ماوه‌ر، که‌سانی پسپۆڕ بۆ هه‌موو بواره‌کان له ناوخۆی وڵات و له هه‌موو دنیادا دروست بکه‌ین، زۆربه‌ی جار به شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی و کاتی، ته‌نیا به‌شی پێویستیی پێشهاته‌کانی ڕۆژ و ڕاگەیەندراوی حیزبی هه‌نگاو هه‌ڵدێنینه‌وه.
* ناوەندى كارى هاوبەشى حيزبەكانى خۆرهەڵات (ديموكرات و كۆمەڵە) خۆيان وەكوو جێگرەوەی بەرەى كوردستانى يان ناوەندێكى خۆرهەڵاتى بنەڕەتی سەير دەكەن، بەڵام ڕكابەرەكانيان (كۆمەڵەی حيزبى كۆمۆنيست، پژاك و خەبات) ئەمان بە فەرمی ناناسن، کەواتە چۆن دەتوانن هەموويان لە ناوەندێكى يەكگرتووى خۆرهەڵاتى كۆببنەوە؟
-دیاره دروستتره بڵێین، که به‌ره‌ی کوردستانی جێگرەوەی ناوه‌ندی هاوکارییه، به‌ڵام له نه‌بوونی توانای دروستکردنی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا، ناوه‌ندی هاوکاریمان دروست کردوه. ئه‌و سێ هێزه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌ندی هاوکاری (هێزی تریش هه‌ن) بۆ خۆیان جه‌مسه‌رێکی یه‌کگرتوو نین و واش نییه، که ناوه‌ندی هاوکاری به فەرمی نه‌ناسن، به‌ڵکوو نه‌هاتوونەتە ناو ناوه‌ند یان ئه‌گه‌ر تێیدا بووبن لێی هاتوونه ده‌ر. پێویسته بزانین که له دوای شۆڕشی ژیناوه گفتوگۆ و دانیشتنه‌کانی نێوان هێزه‌کانی ناوه‌ندی هاوکاری به تایبه‌تی حیزبی دیموکرات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی ناوت هێناون له پێناو لێکتێگه‌ییشتنێکی باشتر و نزیکایه‌تییه‌كی کاراتر زیادی کردوه.
ته‌نانه‌ت بۆ یه‌که‌م جار هەندێک ده‌رکه‌وتن و به‌شداریی هاوبه‌شیش له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌ره‌کیدا له نێوان حیزبی دیموکرات و ئه‌و هێزانه‌ی ئاماژەت پێ کردوون ڕووی داوه. به‌ڵام من پێم وایه ئه‌و هه‌وڵانه به‌رهه‌می زۆر گه‌وره و پایه‌داریان لێ ناکه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر به دیدێکی فراوانه‌وه بۆ کۆی وێنه‌که نه‌ڕوانین و به شێوه‌ی ڕیشه‌یی ڕووبه‌ڕووی کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگای یه‌كێتیی گشتگیر و ڕاسته‌قینه‌ی هێزه‌کانی خۆرهەڵات نه‌بینه‌وه. بۆ بەدیهێنانی وه‌ها یه‌کێتییه‌ك، ده‌کرێت ناوه‌ندی هاوکاری به‌هێز بکه‌ین، شتێك، که ته‌نیا به مانای فراوانکردنه‌وه‌ی نییه. به‌ڵکوو له‌وه‌ش گرینگتر پێویسته بنه‌مای پته‌وتر و که‌ره‌سته‌ی کاراتری پێ ببه‌خشین. ده‌شکرێت به هه‌وێن وه‌رگرتن له ئه‌زموونی ناوه‌ندی هاوکاری، به ده‌ستپێشخه‌ریی هێزه به ڕابردووتره‌کان، به‌ڵام به به‌شداریی هه‌موو لایه‌ک بۆ دروستکردنی زه‌رفێکی تازه، که جێگای ناوه‌ند بگرێته‌وه تێ‌بکۆشین. به‌ڵام هیچ کام له‌وانه ناکرێت ئه‌گه‌ر بۆ گه‌ییشتن به سه‌نتێزێکی خۆرهەڵاتی، که هه‌م سیاسی بێ و هه‌م کارا، هه‌وڵ نه‌ده‌ین.
وه‌ها سه‌نتێزێك پێویسته هه‌ڵگری گوتارێکی ڕوون و توندی نه‌ته‌وه‌یی بێت، که هه‌موو فره‌چه‌شنییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای سیاسی و مه‌ده‌نیی خۆرهەڵات خۆی تێدا ببیننه‌وه؛ مه‌سایلی ئایدۆلۆژیک به ته‌واوی له پرسی نه‌ته‌وایه‌تی دابماڵێت و له‌گه‌ڵ له به‌رچاوبوونی هه‌موو پرسه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا به تایبه‌ت پرسی یه‌كسانی و دادپەروەریی کۆمه‌ڵایه‌تی بابەتی نه‌ته‌وایه‌تی له پێشیینەیی دابنێت؛ هه‌تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تی ئه‌وەی که گه‌له‌که‌مان له خۆرهەڵات له سه‌ر چاره‌نووسی خۆی قسه بکات (چونکه هه‌موو لایه‌نه‌کان باسی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس ده‌که‌ن) خودموختاریخواز، فیدرالیزاخواز و سه‌ربه‌خۆییخواز پێکه‌وه کۆ بکاته‌وه؛ ئاجێندای خه‌باتی خۆرهەڵات نه‌كاته پاشکۆی هیچ ئەجێندایهکی ئێرانی (به موجاهیدین و شاپه‌رستیشه‌وه)، یان هی پارچه‌یه‌کی تری کوردستان؛ وا بکات، که له بڕیاری قورس و گه‌وره‌دا هیچ لایه‌نێک به ته‌نیا نه‌جوڵێته‌وه؛ سەرنج بخاته سه‌ر هێزی خه‌ڵك و سروستی قائیم به خودی پرسی کورد، به‌ڵام به شێوه‌ی ئایدیۆلۆژیک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هۆکاری نێوده‌وڵه‌تی نه‌کات؛ سه‌رئه‌نجام یه‌کخستنی هێز و که‌ره‌سته‌ی خه‌باتگێڕیی هه‌موو لایه‌نه‌کان له هه‌موو به‌ستێنه‌کان و به‌شداریی دادپەروەرانەی هه‌موو لایه‌نه‌کان به پێی قورسایییان له پڕۆسه‌ی بڕیار، جێبه‌جێکردن و چاوه‌دێریی دهروهستییهكانیدا لێ بکه‌وێته‌وه.
* لە دواين ڕۆژەكانى (شۆڕشى ژينا)، (عەبدولڵا موهتەدى، دەبيرى كۆمەڵەى شۆڕشگێڕ)، وەكوو لايەنێكى بنەڕەتی ناوەند لەگەڵ (ڕەزا پەهلەوى) و خەڵكانى تر‌ى )مەنشور( هاوپەيمانێتيان واژۆ كرد. بەڵام حيزبى ديموكرات پشتگیری نەكردوە، ئەمە گرفت بۆ ناوەند دروست ناكات، بە بۆچوونى تۆ ئەم پشتڕاستى ئەو بۆچوونە ناكاتەوە، كە دەستخستنە ناو دەستى كوڕى شا، كە تاوانی زۆرى بەرانبەر بە كۆمار و گەلى كوردستان ئەنجامداوە، هەڵەيەكى مێژوویيى سياسييە؟
- ئێمه هه‌میشه گوتوومانه، که گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی ئۆپۆزیسیۆن نابێ قه‌ده‌غه و تابوو بێت و به‌شداری له هه‌ر جۆره کۆڕه و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئێرانی‌دا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ویستی کورد نه‌ک هه‌ر خراپ نییه، زۆریش پێویسته. به‌ڵام چوونی به جیای لایه‌نێک و له‌وه‌ش خراپتر که‌سێک بۆ ناو هه‌ر جۆره هاوپه‌یمانییه‌کی ئێرانی به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانییه‌که سه‌ری زمان و بنی زمانی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فرهنهتهوایهتی بێت و بۆ جێخستنی هەژموونی که‌سێك دروست کرابێت، که ئامادە نییه که‌مترین ڕه‌خنه له‌و میراته سیاسییه بگرێ، که پشتی پێ ده‌به‌ستێ، هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه. چوونی عەبدولڵای موهتەدیش بۆ ناو هاوپه‌یمانییه‌ک به‌و ناوه‌ڕۆکه‌وه به‌و په‌له‌پڕووزه و به‌و مێتۆده‌وه بێ گومان کارێکی نه‌گونجاو بوو، که زیانی نه‌ک هه‌ر به یه‌کڕیزیی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له خۆرهەڵات گه‌یاند، به‌ڵکوو به زه‌ره‌ری خودی خۆی و حیزبه‌که‌شی بوو و بێ گومان بووه هۆی لاواز بوونی ناوه‌ندی هاوکارییش.
هه‌ر له بنیدا ئه‌نجامدانی یه‌کلایه‌نه‌ی هه‌ر ههنگاوێکی گه‌وره ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دروستیش بێ -به بێ ئه‌وه‌ی کۆده‌نگیی کۆمه‌ڵگای سیاسیی خۆمانی له سه‌ر بێ- هه‌ڵه و دژه‌به‌رهه‌مه.
به گشتی من پێم وایه ئه‌و فیکره، که کورد له ئێران ده‌توانێت ڕێبه‌رایه‌تیی کۆی پڕۆسه‌ی گۆڕان له ئێران‌دا بکات قسه‌یه‌کی تازه‌ی ئێرانییه‌كانه، که بۆ فریودان و ده‌سته‌مۆکردنی زیاتری ئێمه کردوویانه و له خۆشخه‌یاڵییه‌ک، که ده‌مانکاته ئاردی نێو دڕوان زیاتر نییه. دیاره کورد ده‌توانێت پرسی خۆی به ئێرانی بکات، ده‌توانێت بۆ باقیی ئێران ببێته سه‌رمه‌شق، ده‌توانێت جه‌مسه‌رێکی نزیک له خه‌ون و مه‌رامه‌کانی خۆی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا دروست بکات، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو کار، هه‌وڵ و توانای خۆی ته‌نیا بخاته سه‌ر یه‌کگرتوویی و هێز و قورسایی خۆی و دروستکردنی بنه‌ماکانی ئه‌و دیفاکتۆیه‌ی پێشتر باسمان کرد. ئێمه ئه‌گه‌ر له کوردستانه‌که‌ی خۆمان، که یه‌ک دنیا کاری نه‌کراو و ته‌واو نه‌کراومان له پێشه سه‌رکه‌وتوو نه‌بین، چۆن ده‌بێت فریوی ئه‌وه بخۆین، که شیاوی ڕێبه‌ری کردنی هه‌موو ئێرانیین!
* ماوەى يەك ساڵە، ئێران بەردەوام بە هۆى (درۆن) و فڕۆكەى سەربازى بۆردومانى بنكە و بارەگاكانى (ديموكرات و كۆمەڵە) دەكات، بەوەشەوە نەوەستاوە، بەردەوام دوا لە حوکوومەتى هەرێم و عێراق دەكات، كامپ و ئۆردوگاكان دابخات؟ لە چەك دايانماڵێت، ئەم پڕۆسە مەترسيدارە بە كوێ دەگات و جێگرەوەی ئێوە چييە لە ئەگەرى دووبارەبوونەوەى سيناريۆى ڕاگواستنتان، وەكوو ڕێکخراوی (موجاهدينى خەڵق) بۆ ئەلبانيا؟ پێت وايە حوکوومەتى هەرێمى كوردستان سازشتان لە سەر بکات و چەكتان بكات و فشارى زۆرتان بخاتە سەر؟
- ئاشکرایه له دوای شۆڕشی ژیناوه هه‌ڕه‌شه‌ی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر که‌مپ و باره‌گاکانی پارته‌کانی خۆرهەڵات له باشوور و فشاره‌کانی له‌و پێوه‌ندییه‌دا بۆ سه‌ر به‌غداد و حوکوومەتی هه‌رێم زۆر زیاتری کردوه و ئامانجیشی له‌و فشارانه ڕاست ئه‌و شتانه‌یه، که باست کردوه. من نازانم کۆماری ئیسلامی تا کوێ له‌و کاره‌یدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت. ته‌نیا ده‌توانم بڵێم نه حیزبه‌کانی خۆرهەڵات (موجاهیدینی خه‌ڵقن) و نه حوکوومەتی هه‌رێمیش، حوکوومەتی مالیکییه. خۆزگه هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی باشوور له به‌غدا یه‌کگرتووتر ده‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م فشارانه بێین.
به هه‌رحاڵ پێویسته حوکوومەتی هه‌رێم دوو شتی له به‌رچاو بێت:
یه‌که‌م: ڕاسته، که له دوای شۆڕشی ژیناوه کۆماری ئیسلامی زیاتر له جاران له هێزی خه‌ڵک له کوردستان و هەژموونی حیزبه‌کانی خۆرهەڵات نیگه‌رانه، به‌ڵام ئامانج له‌و فشارانه ته‌نیا حیزبه‌کانی خۆرهەڵات نییه، به‌ڵکوو لاوازکردن و بچووککردنه‌وه‌ی هه‌ر چی زیاتری حوکوومەتی هه‌رێمیشه. ویستێك، که ماوه‌یه‌که له به‌غدادیش به‌هێز بووه و هه‌ر ڕۆژه به شێوه‌یه‌ک و له ده‌رفه‌تێکدا، که هیچ پێوه‌ندیشیان به پارته‌کانی خۆرهەڵاته‌وه نییه خۆی نیشان ده‌دا.
دوه‌م: جیا له‌وه، که بیانووه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌و فشار و داوا بێبنه‌ما و پاساو هه‌ڵنه‌گره، ملدان بۆ ئه‌و فشار و داوایانه‌ش کۆتایی به ده‌ست تێوه‌ردان و هێرشه‌کانی کۆماری ئیسلامی لە دژی تێکۆشه‌ران و په‌نابه‌رانی کوردی خۆرهەڵات له باشووری کوردستان ناهێنێت. بۆ نموونه کۆماری ئیسلامی داوای چه‌ککردنی پارته‌کانی خۆرهەڵات ده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی زیاتری سه‌ربازی (ته‌نانه‌ت به شێوه‌ی زه‌مینی) بۆ سه‌ریان ده‌کات له حاڵێکدا، که ڕژێمیش و هه‌موو دنیاش ده‌زانێت، که نه له ساڵانی دواییدا و نه به تایبه‌تی له دوای شه‌هیدکردنی ژینا و هه‌ستانی خه‌ڵکی ئێرانه‌وه، هێزه‌کانی خۆرهەڵات که‌مترین کرده‌وه‌ی سه‌ربازییان لە دژی ئێران ئه‌نجام نه‌داوه. ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی لێی ده‌ترسێ ده‌نگ و گوتاری حیزبه‌کانی خۆرهەڵات و ئه‌و ڕهگوریشهیهیە، که ئه‌وان له ناو خه‌ڵکدا هه‌یانه.
ده‌ی باشه کێ ده‌توانێت چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، که نه‌ك هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی مێژوویی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی کورد له خۆرهەڵات، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک په‌نابه‌ری سیاسییش ته‌نانه‌ت قسه‌ش نه‌که‌ن و کێ ده‌توانێت ده‌نگی میلله‌تێک کپ بکات. مادام ئه‌و ده‌نگه ڕه‌وایه هه‌ر ده‌مێنێت، بیانووگیرییهكانی ڕژێمی ئێرانیش کۆتایی نایەت. هه‌ر بۆیه حوکوومەتی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی عیراق نابێت مل بۆ ئه‌و داوایانه بدات، نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناڕه‌وا و بێ بنه‌مان، به‌ڵکوو به تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ها ملدانێک هیچ شتێک له بابەتەکە ناگۆڕێ و هه‌ر ده‌ستی ئێران بۆ خه‌وشدارکردنی سه‌روه‌ریی عیراق و لێدان له سه‌قامگیریی حوکوومەتی هه‌رێم درێژتر ده‌كاته‌وه.
* پار ساڵ يەكگرتنەوەى (حدك) و (حدكا) بە بێ كۆنگرە ڕاگەيەندرا، ئێوە چۆن سەيرى ئەو يەكگرتنە دەكەن"، كە بەشێك لە چاودێران دەڵێن: "ديموكرات بە واقيعى و کرداری يەكى نەگرتوەتەوە، چونكە بەشێك لە ڕێبەرى ئەو حيزبە ناڕازيين و پێچەوانەی سياسەتى پيادەكراوى حاڵن؟
- ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه کارێکی پیرۆز و پێویست و به‌وه‌خت بوو، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم دره‌نگ بوو (خۆشحالم، که پێش شۆڕشی ژینا به ئاکام گه‌ییشت). حاشای لێ ناکرێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، که دیموکرات یه‌كی گرتوەته‌وه و پڕۆسه‌که کۆتایی هاتوه، هێشتا ماوه‌یه‌کی ده‌وێت هه‌تا هه‌موو ئه‌و کارانه بکرێن، که بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو حیزب، که پازده ساڵ به جیا کاریان کردوه پێویسته و لوتکه‌ی ئه‌و کارانه‌ش گرتنی کۆنگره‌ی هاوبه‌شه. ئێمه ئه‌گه‌ر له دۆخێكی ئاساییشدا بوواین ته‌واوبوونی کامڵی ئه‌و پرۆسه‌یه هەندێک کاتی هه‌ر ده‌برد، چ بگات به‌و دۆخه نائاسایییهی له پاش شۆڕشی ژیناوه به هۆی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر حیزبی دیموکرات و حیزبه‌کانی تری خۆرهەڵات له باشووری کوردستان دروست بووه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش، که گوایە ئێستا به‌شێک له ڕێبه‌ری حیزب ناڕازین، باوه‌ڕ بکه ئه‌وه یه‌که‌م جاره ئه‌و قسه‌یه ده‌بیستم. شتێکی سروشتییه، که له ناو حیزبێکدا هه‌میشه تێبینی و ڕه‌خنه له سه‌ر ڕه‌هه‌ندێکی سیاسه‌ت و ژیانی ڕێکخراوه‌یی ئه‌و حیزبه هه‌بێت، به‌ڵام به به‌رپرسایه‌تییه‌وه ده‌ڵێم له پاش یه‌كگرتنه‌وه‌مان تا ئێستا هیچ جۆره ناکۆکی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی له‌و جۆره‌ی ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ی به‌دی ناکه‌م. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا (حدکا) ده‌یباته پێش سیاسه‌تێکه، که زۆرترین کۆدەنگی هه‌موو لایه‌کمانی له سه‌ره و ڕاست ئه‌و سه‌نتێزه‌یه، که من ئه‌و کاته، که دوو حیزب بووین هاوارم بۆ ده‌کرد.
* خۆشت (ئاسۆ حەسەن زادە)، كە پێشتر جێگرى سكرتێر بووى، پاش ئەو يەكگرتنەوەيە پاشەكشەت كرد و گەڕايتەوە پاريس، ئەمە ماناى ئەوە نييە تۆ وەكوو ڕێبەرى لەگەڵ ئەو يەكگرتنەوەيە نييت؟
- ئه‌من نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه بووم، به‌ڵکوو یه‌كێک له کاره‌کته‌ره‌کانی به ئه‌نجام گه‌یاندنیشی بووم. هه‌م پێش وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تیی باڵای حیزبی چوار پێنج ساڵ ئه‌ندامی گروپی یه‌کگرتنه‌وه بووم، هه‌م له ماوه‌ی سێ ساڵ جێگری سکرتێری و وته‌بێژیی 'حدک'یشدا به‌رده‌وام یارمه‌تیی ئه‌و پڕۆسه‌یه و ده‌رچوون له بونبهستهكانم دا و ته‌نانه‌ت له دوای کشانه‌وه‌شم له به‌رپرسیارێتی یه‌کێک له‌و که‌سانه بووم، که به زۆر کار و هه‌ڵوێست نه‌خشمان له وه‌گه‌ڕکه‌وتنه‌وه‌ی دانیشتنه‌کان و خۆشکردنی زه‌مینه‌ی سه‌رخستنیاندا هه‌بوو.
گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ فهڕەنسا ساڵێک پێش یه‌كگرتنه‌وه‌ی دێموکرات بوو. پاشهكشهشم له به‌رپرسایه‌تیی حیزبی بۆ سێ ساڵ پێش یه‌كگرتنه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێوه‌ندیی به هەندێک هۆکاری تایبه‌ت به خۆم و ناو "حدک"ه‌وه هه‌بوو، نه‌ك به پرسی یه‌كگرتنه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌مه‌ولاش خۆم بۆ ڕێبه‌ریی حیزب کاندید نه‌که‌م، ئه‌وه به هیچ جۆر به مانای ئه‌وه نابێت، که خۆم له دیموکراتی یه‌كگرتوودا نابینمه‌وه.
* بەم خيلافانەوە، ئيمكان و ئەگەرى جیاببوونەوە دەبينى لە ناو حيزبى ديموكراتدا، ئەو مێژوە زۆرەى بەردوام پەرتبوونەی لە ناو حيزبى كوردى و بە تايبەتى ديموكرات دەبينين، پێمان دەڵێت، كە جیاوازییەکان و ناكۆكييەكان ڕەنگە سەربكێشێت بۆ جيابوونەوە و پەرتبوونێکی نوێ؟
- وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه، که هه‌موو لایه‌ک ده‌توانن چ ئیستا و چ له داهاتوودا تێبینییان له سه‌ر گۆشه‌یه‌ک یان ڕه‌هه‌ندێکی بەڕێوەبردن و سیاسه‌تی حیزبی یه‌کگرتووی دیموکرات هه‌بێت، به‌ڵام له پاش ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه هیچ جۆره ناکۆکییه‌ک نابینم ئه‌و نیگه‌رانییه پاساو بدات، که بەڕێزت باست کردوه. وه‌ک بۆ خۆشت ئاماژه‌ت پێدا، حیزبی دیموکرات و حیزبه‌کانی تری خۆرهەڵات و به گشتی گه‌له‌که‌مان زیانی زۆریان له‌م ناکۆکی و پارچه پارچه بوونانه دیتوه. هۆکاره‌کانی لێکجیابوونه‌وه‌ی دوو دیموکراتی پێشوو و مه‌ودای ئەو کاتەی نێوانمان و ورده‌کارییه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دیموکرات هه‌ر چییه‌ک بن، هیوادارم و پێشم وایه، که تێکۆشه‌ران و ڕێبه‌رانی حیزبی دیموکرات وانەیان له ڕابردوو وه‌رگرتوه و ئه‌و گیانی یه‌كێتییه‌ی ئێستا له ڕیزه‌کانی حیزب‌دا ده‌بینرێت و بنه‌ماکانی یهكبوونهوهمان به هێزی خۆی ده‌پارێزن و له هه‌موو کار و به‌رنامه و هه‌نگاوێکیاندا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن.