لە هەولێر هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە دەستی پێکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر لە ئەمڕۆوە دەرۆزەکار و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاکانی فرۆشتنى ئۆتۆمبێل کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستگیردەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لە روونەدانى رووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و رێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 17ی تەمووزی 2024، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ژنانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و رێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
