بارزانى: هاوسەنگی و سازان چارەسەری کێشەکانی عێراقە

3 مانگ لەمەوپێش



 

بارزانی رایدەگەیەنێت: تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پابەندبوونی هەموو لایەکە بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە چوارچێوەی دەستووردا.

بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ڕۆژی یەكشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیوخ و كەسایەتی و ڕیشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی لە وتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە جێیی شانازییە ناكۆكیی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبووەتە هۆی ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق. 

بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە و تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە. 

بارزانی پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواكاری و کێشەکانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆیان بن.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی بارزانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق كردووە.
 
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان داوایان كرد كە هەماهەنگی و هاوكاری و پێكەوەیی لەنێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار