ئەکادیمیای کوردی: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕەگەزپەرستانەیە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەکادیمیای کوردی: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕەگەزپەرستانەیە
دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی سەر بەدەسەڵاتی خۆی، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەکادیمیای کوردیەوە بە توندی ئیدانەی دەکات و دەڵێت، ئەو کارە ڕسوادەکەین و بڕیارەکە نایاسایی و نا دەستورییە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025 دەرچوە ڕسوادەکەین و نادەستورییە.
ئەکادیمیای کوردی دەزگایەکی زانستییە، لە ڕووی قانوونییەوە خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بڕیاڕیکی ڕەگەزپەرستانەیە و داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە .
هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، لەسەر ئەو کارەی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات.
لایخۆشیەوە د.نەهلە ئەفەندی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوه، "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێداوە، بەتەواوی پێچەوانەی دەستوری عێراقەو پێشێلكردنی زەقی یاساو دەستوریشە".
ئەمە لەکاتیكدایە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بە نوسراوێک زانکۆکانی کەرکوک، دیالە و موسڵی ئاگادارکردوەتەوە، ئیدی خوێندکارانی کورد ناتوانن ببە زامنی کوردی تاقیکردنەوە ئەنجامبدەن، و ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2010 دەرچوبو، ڕێگەی بە خوێندکارە کوردەکان دەدا بە کوردی وەڵام بدەنەوە هەڵوەشاندوەتەوە.
