قاسم ئەعرەجی بۆ لێکۆڵینەوە لەهێرشە درۆنیەکان لەهەولێرە

3 هەفتە لەمەوپێش
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێرو بڕیارە چاوى بە بەرپرسانى هەرێم بکەوێت.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.
قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەى سەباح دەڵێت قاسم ئەعرەجى و شاندەکەى یاوەرى لەسەر راسپاردەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەولێریان کردووە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی هاتنی شاندەکەی حکوومەتی عێراق بۆ هەولێر، لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەى زانیاریەکان باسی لەوەدەکەن، چاوەڕێ دەکرێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و باس لە هێرشی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەش بکەن.
ئەمە یەکەم سەردانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بۆ سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکان پێکهێنابوو، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەنراون.
سەردانەکەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 05:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە.
لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
