بارزانى: هەتا عەقلیەتی شۆڤینی مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە
.jpg)
22 كاتژمێر لەمەوپێش
لە یادی 42 ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، بارزانى پەیامێکى بڵاوکردەوە تیایدا ئەوە دەڵێت: ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بوو، عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بوو كە بۆ هەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن، هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە.
هەر لەو پەیامەیدا مەسعود بارزانى دەشڵێت: لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت.
دەقى پەیامەکە..
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت.
چل و دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن.
ئەو تاوانە بەشێك لەو تاوانانە بوو كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاووڵاتیانی كورد.
ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بوو، عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بوو كە بۆ هەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن.
بە داخەوە هێشتا هەندێ كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن.
دەبێ هەموو لایەك بزانن هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە.
لە یادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەم كە لەم ڕۆژە سەختانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون.
پێزانینم بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە هەیە كە ساڵانێكی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە. لەو یادەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و هەموو شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین
مسعود بارزانی 31ـی تەمووزی 2025
