سهرۆكى ههرێم: ئهركى عێراقه قهرهبووى كهسوكارى قوربانييان بکاتەوە

21 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 42ـەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە "ئەرکی حکومەتی عێراقە هەرچی پێویستە بیکات بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان."
رۆژی پێنجشەممە، 31-07-2025، لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالکردنی 8 هەزار هاووڵاتیی بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەنفالکردنی بارزانییان لەلایەن رژێمی ئەوسای عێراقەوە، بەردەوامیی زنجیرەیەک تاوان بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، بەڵام لەبەرامبەر خۆڕاگریی کوردستانيياندا شکستی هێنا و بووە پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێز لە خۆڕاگریی دایکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان دەگرێت و دەڵێت: "دەستی ئەو دایکە دڵسۆزانە ماچ دەکەم کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان، منداڵەکانیان پەروەردە و گەورە کرد."
سەبارەت بە وەرگرتنی "پەند لە رابردوو"، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئازارەکانی رابردوو ببنە هاندەر تاوەکو "هەموو پێکهاتەکانی عێراق پێکەوە بە یەکترقبووڵکردن و رێزلەیەکگرتن و لێبوردەیی، ئاشتییانە و شکۆمەندانە بە ئازادی و سەرفرازی بژین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاو بۆ گیانی شەهیدان دەنێرێت و سوپاسی "هەموو ئەو جوامێرانە" دەکات کە لە هەولێر و ناوچەکانی دیکە "بەهانای بارزانییە لێقەوماوەکانەوە چوون و یارمەتییان دان."
