سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد

21 كاتژمێر لەمەوپێش



کامەران عوسمان لە ڕێكخراوی (CPT) ڕایدەگەیەنێت سەرباری بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی نێوان پ.ە.کە.کە- تورکیا، لە رۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەموز، سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی (250) سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری (گولی) لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکرد.

بەپێى ئەو زانیاریانەى ئەندامەکەى رێکخراوى سى پى تى خستویەتیەڕوو سەرەتا لە رۆژی سێشەممە، سەربازەکان لەڕێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای (سیارا ستەورێ) جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکرد. لە بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە، 30ی تەموز، سەربازەکان دەستیان کرد بە کیوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکرا.

سەربازەکان، لە گوندی (کەشان)ەوە بەرەو گوندی (بانکێ) رۆشتن و بازگەی هێزی پاراستنی سنوری عێراقیان تێپەڕاندو دواتر بەرەو گوندەکانی (شلین، شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەڤلەهێ و پیربلا) بەردەوامیان بە کیوماڵکردنەکەیاندا.

سوپای تورکیا، لە رۆژی دوو شەممە، 28ی تەموزەوە هەموو رێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر ڕەزو باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستووە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لەڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پرۆژەی دروستکردنی (ناوچەی دابڕ) لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و؛ بەتەواوی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار