هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

دوێنێ
لەکاتێکدا واشنتن پلانى داناوە بۆ سفکردنەوەى پێدانى هاوکاریی دارایی بە پێشمەرگە لە ساڵى داهاتوودا، وەزیری پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، دڵنیابوونەتەوە کە هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازیی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، وەزیرى پێشمەرگە لەبارەى دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چاکسازی و بونیادنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی رایگەیاندووە، "پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردووەتەوە".
شۆڕش ئیسماعیل راشیگەیاندووە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا".
وەزیرى پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن.
هاوکات کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، رایگەیاندووە، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی سەربازیی نیشتمانیی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.
