شاسوار عەبدولواحید بەپێنج مانگ زیندانى کردن سزادرا

15 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەک ڕاگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ بەندکردن سزادراوە. 

دواى چوار جار دواخستن ئەمڕۆ سێ شەممە دادگای سلێمانی دانیشتنێکى دیکەى بۆ دۆسیەکە ئەنجامداو سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤیدا سەپاند،  ئەم سزایەی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکراوە، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە. 

ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادەبوون لەم بارەیەوە دەڵێن" سەرۆکی جووڵانەوەکەمان چ لە زیندان بێت یان دەرەوە، ئێمە بە شانازییەوە پشتیوانی دەکەین".

باس لەوەش دەکەن دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بە سیاسیی کراوە و دوورە لە یاسا، هەروەها ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

رۆژی 12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.

رۆژی 21ـی ئابی 2025 شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەری ووتەی لێوەرگیرا لەسەر ئەو سزایەی پێشتر دادگا بە غیابی بۆی دەرکردبوو.

دواتر دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئەیلولی 2025) دواخرا، ئەمڕۆش دادگای بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 5 مانگ بۆ دەرکرد.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار