ئێران بە سێ درۆن کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە بۆردومانکرد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگای سێ درۆنەوە کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو.
تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە لێوای شاری کۆیە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کرایە ئامانج، کەمپەکە کەمپێکی مەدەنیە و تاک و تەرا بنکە و بارەگای حزبی دیموکراتی تێدایە."
وتیشی،" درۆنەکان بەر نەخۆشخانەیەک و کۆگایەکی تەقەمەنی و ناو کەمپەکە کەوتووە و لەئەنجامدا کەسێک برینداربووە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کەمپەکە، جاری یەکەم لەئاسماندا تەقیوە و ئیدی نەمانزانی خۆیان کێشەیان تێدا بووە یاخود فڕیدراونەتە خوارەوە."
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پریشکی ئەم شەڕە تەنها کۆیەی نەگرتووەتەوە بەڵکو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی، پەنابەرانی ڕۆژهەڵات ئێستا زۆرینەیان کەمپەکەیان چۆڵکردووە و دابەشبوونە بۆ نێو شارەکان.
