جەمال كۆچەر: لەعێراق ڕکابەرى هەیە بۆ وەرگرتنى وەزارەتەكان تا دەستبگرن بەسەر بودجەکەیدا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، هەرچەندە عێراق لەڕووی شەفافیەتەوە لە ئاستێكی بەرزی گەندەڵیدایە، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار پلە دابەزیووە و بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی رێكخراوەكە بۆ ساڵی 2025، عێراق 136ەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە، لە کاتێکدا ساڵی 2024 لە پلەی 140ەمیندا بوو.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە لە 182 وڵاتی جیهان، دانیمارک لەسەر ئاستی جیهان و ئیمارات لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەفافترینن.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەرچەندە عێراق باشبوونێكی سنوورداری تۆماركردووە، بەڵام ئەوە ئاستێكی رێژەییە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان تائێستاش لە ئاستێكی بەرزدایە، ئەمەش رەنگدانەوەی لاوازیی سەربەخۆیی دامەزراوەكانی چاودێرییە.
جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەندەڵی لە عێراق چەندین رووی جیاوازی هەیە، هیچ سێكتەرێك نیە دووربێت لە گەندەڵی، بەتایبەتی دەروازە سنوورییەكان نمونەیەكی دیارن، پسوڵەی تێدا ساختە دەكرێت، گۆڕانكاری لە بڕ و بەهای كاڵاكان دەكرێت، بەربڵاویی گەندەڵی لە عێراق راستەوخۆ پەیوەندی بە لاوازی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە هەیە.
جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێك لە وەزارەتەكانی عێراق وەك دەستكەوتی سیاسی تەماشا دەكرێن و ركابەرییەكی زۆریان لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی دەستبگرن بەسەر یودجە و سەرچاوە داراییەكانیدا، ئەمەش ئامانج لێی باشتركردنی خزمەتگوزاری نیە بەڵكو بۆ سوود لێوەرگرتنیەتی لە دەرەوەی یاسا.
