ئەوەی شەرمی کرد!
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
قانعی شاعیر دەڵێت: بێ حەیایی باوە ئەمڕۆ قوڕ بەسەردا کاحەیا.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا جاران شەرم و حەیا مەرجی پیاوەتی و کەسایەتی بوو. بەپێی زیادبوونی بەرژەوەندییەکان مرۆڤ زیاتر خودپەرست بوو، لێرەوە شەرم کاڵ بویەوە و کات لەدوای کات بێ شەرمی بوو بە دیاردهیەکی ئاسایی، تا وایلێهاتووە شەرم لای مرۆڤە بێ شەرمەکان وەک خاڵی لاواز سەیر دەکرێ، بێشەرمی ئەوکاتەی لە کایەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێ و دێتە ناو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئاینی و دادوەری و دەزگای تەندروستی، لێرەوە گورزێکی گەورە دەسرەوێنێتە ئەخلاقی کۆمەڵگە، چونکە بێشەرمی لە ئاستی کۆمەڵایەتی زیان بە تاک یان گروپێک دەگەیەنێ، بەڵام لە دنیای سیاسەت و ڕۆشنبیری و کایەکانی دیکە، کۆمەڵگا دەکاتە زەلکاو. شەرم لە ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیریدا هێزێکی ناوەکی ژیاری و کۆمەڵایەتیە کە دەگۆڕێ بۆ بێ شەرمی و درۆ، گەندەڵی بەرهەم دەهێنێ، لێرەوە سەرەتای شکست دەستپێدەکات.
پرسیارەکە لێرەدایە ئایا شەرم لەناو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا ماوە؟ لە ڕاستیدا ئەگەر سەیری فەزای ڕۆشنبیری و سیاسی کورد بکەین، لە هەردوو کایەکەدا و لە کایەکانی دیکەشدا تووشی لادان بووه، بۆیە ناتوانی بینا لەسەر کارەکتەرێکی ڕۆشنبیر یان سیاسی بکەیت، چونکە لەپێناو بەرژەوەندیدا تووشی بادانەوەیەکی بێ شەرمانە دەبێت، ئیتر کۆمەڵگە باوەڕی بەو بەهایانە نامێنێ که باوەڕی لەسەر خەیاڵی ئەو جۆرە کارەکتەرانە داڕشتبوو.
بەداخەوە لە سەردەمی پڕوپووچی و بێ شەرمیدا، لەبری دروستکردنی ئەستێرە، مشەخۆری بێ شەرم دروست دەبن، چونکە بازاڕ بازاڕی بێ شەرمیە، تا ئەو ڕادەیەی ئەوەی شەرم بکات دوادەکەوێت و دەمرێت. نموونەیەکی مصری هەیە دەڵێ (ئەوەی شەرمی کرد مرد). دەڵێ لە سەدەی ١٧ى میلادی حەمامێکی ژنان لە مصر ئاگری گرتووە، زۆربەی ئافرەتەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانیان بەڕوتی ڕایانکرد بۆ دەرەوە، چونکە لەتاو ترسی ئاگرەکە شەرمیان نەما بەڕوتی هاتنەسەر شەقام، بەڵام چەند ئافرەتێک شەرمیان کرد بەڕوتی بێنە دەرەوە و خەڵک بیانبینێت ئاگرسوتاندنی و مردن. لەوکاتەدا پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە دێن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە پاسەوانی حەمامەکە دەپرسن چی ڕوویداوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ ئەوەی شەرمی کرد مرد! ئەمڕۆ بەشێک لە مرۆڤ لە سیاسی لە ڕۆشنبیر لە پیاوی ئاینی لە دادوەر لە سەرمایەدار له ڕۆژنامەنووس لە کادری ئەحزاب لە هەموو بەهایەک لادەدەن، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا دەوروبەریان دەسوتێنن، گرنگ نیە کە ڕوتدەبنەوە، گرنگ ئەوە یە چیان دەستدەکەوێ، چەند قازانج دەکەن. لەمێژە وتویانە (آذا لم تستح ' فاصنع ماشیئت ..) بۆیە ئەمڕۆ ئەوانەی شەرم و شکۆیان هەیە دەسووتێن.
